ئاگربه‌ستی مرۆیی غه‌ززه كۆتاییهات و دووباره شه‌ڕ ده‌ستیپێكرده‌وه
K24 – هەولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه، ئاگربه‌ستی مرۆیی غه‌ززه، كه له‌نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس واژۆكرابوو، ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 1ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) دوای حه‌وت رۆژ كۆتاییهات، باس له درێژكردنه‌وه‌شی نه‌كراوه.
میدیا فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، به‌یانی ئه‌مڕۆ ده‌نگی ته‌قینه‌وه له غه‌ززه بیستراوه و وێڕای بوونی فڕۆكه و درۆن له ئاسمانی ئه‌و شاره و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان.
هاوکات، پەیامنێری کوردستان24 له غه‌ززه رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر باکووری کەرتی غەززە بەچڕی دەستپێکردەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئاگربەستی مرۆیی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل لە24 مانگی رابردوو دەستیپێکرد، دوو جار درێژکرایەوە، لەو ماوەیەشدا نزیکەی 100 بارمتەی بندەستی حەماس و 200 فەڵەستینی لەزیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکران.
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس بە مووشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد. بەپێی دوایین ئامار بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 14 هەزار و 854 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون، لەو ژمارەیەدا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.
هەربەپێی ئامارەکان، لە شەڕی غەززە زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.