ریشی سوناک: بەریتانیا بە تەواوی پابەندی کەمکردنەوە و سفرکردنەوەی گازە دەردراوەکانە

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. وێنە :AP
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. وێنە :AP

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایدەگەیەنێت، دەبێت دەرفەتەکان بقۆزینەوە و تەکنەلۆجیای سەردەم بەکاربهێنین بۆ ئەوەی ئابووری خۆمان بەرەوپێش بخەین و دەرفەتی کاریش بڕەخسێنین. گوتیشی: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زۆر خێران بۆیە دەبێت جیهان هەنگاوەکانی بەرەوپێش ببات و بەخێرایی کاربکات.

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەمیانەی گوتارێکدا لە لوتکەی جیهانی کەشوهەوا (COP28) لە دوبەی رایگەیاند، ئێمە دەبێت زۆر بە خێرایی کاربکەین چونەکە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زۆر خێران، ئێمە هەموومان دەبێت کاری زیاتر بکەین و ئەو لێکترازنەی کە هەیە دەبێت کەمیبکەینەوە و لە ژیانی راستەقینەی خەڵکییەوە نزیکبین، تاکە رێگاش بریتییە لە گواستنەوەیەکی خێرا و دادپەروەرانە، بەریتانیا بە تەواوی پابەندی کەمکردنەوە و سفرکردنەوەی گازە دەردراوەکانە.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەڵێت: ئێمە کارمان کردووە ئابووری خۆمان زۆر باشتر کردووە، پلانمان داناوە بۆ 2030 لە بری ئەوەی فشار بخینە سەر خەڵکی، چینی کرێکاران و هەژاران، دەبێت دەرفەتەکان بقۆزینەوە و تەکنەلۆجیای سەوز و سەردەم بەکاربهێنین بۆ ئەوەی ئابووری خۆمان بەرەوپێش ببەین و دەرفەتی کاریش بڕەخسێنین.

ریشی سوناک، ئاماژەی بەوەدا، ئەوانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەزانن کە چەندە گرنگە کە دەبێت جیهان هەنگاوەکانی بباتە پێشەوا و بە خێرایی کاربکات، بەریتانیا هاوکارە داراییەکانی سێ هێندە کردووە بۆ ئەوەی پابەندییەکانی خۆی بەهەموو جیهان نیشان بدات، ئێمە دەتوانین لێرە لە دوبەی کاری باش بکەین  و دەستبخەینە ناو دەستی یەکتر.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، گوتی: هەموومان دەمانەوێت بچینە قۆناغێکی دیکەوە، بەڵام راستییەکە زۆر سادەیە کە دەبێت دەستبخەینە ناو دەستی یەکترەوە چونکە گواستنەوەی ئەم قۆناغە هیچ کەسێک لە پشتی خۆی جێناهێڵێت و هەموومان تێیدا بەشدارین.

ئەمڕۆ هەینی (1ـی کانونی یەکەمی 2023) بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و سەرۆکەکانی جیهان لوتکەی کەشوهەوا (COP28) لە دوبەی بەڕێوەچوو، لە لوتکەکەدا باس لەو ئاستەنگانە کران کە  لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، هەروەها سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان دەستپێشخەری و پێشنیازەکانی خۆیان خستەڕوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی گازە دەردراوەکان.