وەزارەتی تەندروستی: 72 حاڵەتی نوێی ئایدز لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە ماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا 72 حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە زۆربەیان هاووڵاتییانی بیانین.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئایدز لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "لە پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردن دا ئەمساڵ 2023 لەماوەی دە مانگی ڕابردوو، نزیکەی 598,000 پێنج سەد و نۆهەت و هەشت هەزار تێستی پشکنینی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەموو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ و هەموو بوتڵێکی خوێنی بەخشراو و پشکنینی پێش هاوسەرگیری و کرێکاری شوێنە گەشتیارییەکان و راگیراو و حوکمدراوانی ناو چاکسازییەکان و نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و سیل، هەوکردنی جگەر، تالاسیمیا و هەموو ئەوانەی نەشتەرگەری یان هەر پڕۆسەیەکی پزیشکی بەرکەوتن یان بۆ هەر پشکنینێکی رۆتینی بۆیان ئەنجام دراوە، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی ئەیدز، سەرەڕای چەندین چالاکی هۆشیاری تەندروستی و دابینکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پشکنین. لەنێو دەرەنجامی پشکنینەکاندا، تەنها 72 حاڵەتی نوێ دەستنیشانکراوە کە بەشی هەرە زۆریان هاووڵاتییانی بیانی و هاووڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن".

راشیگەیاندووە: "کاری پێویست بەرامبەریان ئەنجامدراوە و تووشبووانی بیانی گەڕاونەتەوە وڵاتانی خۆیان و هەموو حاڵەتەکانی نوێ و ساڵانی رابردووی دانیشتووی هەرێمیش لەژێر چاودێری تەندروستی و خۆپارێزی دان، کە بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاری تەندروستی یان پێ دەدرێت".

وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، کەمتریین تووشبووی ئەم ڤایرۆسە تۆمارکراوە بە ھۆکاری سەرەکی پابەندبوون بە بەھا کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئایینی و پتەوی بەرنامەکانی پەتازانی لە هەرێمی کوردستان. پەیاممان بۆ هاووڵاتییان ئەنجامدانی خۆویستانەی پشکنینی ڤایرۆسی ئایدزە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و دۆزینەوەی حاڵەتەکان. هەروها دوورکەوتنەوە لە رەفتارە مەترسیدارەکان وەک کاری سێکسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەری و دوورکەوتنەوە لە تاتۆکردن و بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو، دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان. هۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئایدز و ئاشنابوون بە رێگاکانی گواستنەوە و خۆپاراستن لێی، بەهێزترین چەکی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشیەیە".

1ی دیسێمبەر کە بە رۆژی جیهانی ئایدز دیاریکراوە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "پەیامی ھۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز بەتەواوی مرۆڤایەتی بۆ سەرجەم تاک و کۆمەڵگاکان لەسەرتاسەری جیھان لەم رۆژەدا دەدرێت، کە رۆڵی کاریگەر و ئەرێنی دەبێت لە رووبەڕووبونەوە و کەمکردنەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی و دوورکەوتنەوە لەو ئەگەرانەی کە دەبنە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی ئەیدز HIV. رۆژی جیهانی ئەیدز، دەرفەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و یەکخستنی هەوڵی دەزگا پەیوەندارەکان و خستنەڕووی هاوکاری و پاڵپشتیە بۆ توشبووانی نەخۆشی ئەیدز".

بەپێی ئامارەکان، لە جیهاندا نزیکەی 40 ملیۆن مرۆڤ ڤایرۆسی کەمی بەرگری لەش (ئەیدز) HIV یان هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس، بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیان لەدەست دەدەن،و نزیکەی دوو ملیۆنی تریش وەک توشبووی نوێ دەبنە قوربانی. هەرچەندە تائێستا ئەیدز چارەسەری بنبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژەڤایرۆسی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی نەخۆشیەکە تاڕادەیەک بکەن و دەرفەت بە توشبوو بدەن ژیانێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی تر بژین، ئەمەش دەسکەوتێکی پزیشکی مەزن بوو کە ژیانی ملیۆنان توشبووی ئایدزی رزگارکرد، بەجۆرێک بەکارهێنانی دەرمان رێژەی مردنی %56 کەمکردووەتەوە هەروها هۆکاری کەمبوونەوەی لە %40ی توشبووی نوێیە، چونکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشی ئایدز، بەڵام هاوکات هەڵگری ڤایرۆسەکه بەبێ بەدیارکەوتنی هیچ نیشانەیەک مەترسی گەورەی بڵاوبوونەوەیە.

ئەیدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسی درمە واتا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە، بەهۆی رێگاکانی خوێن یان سێکس یان دایک بۆ کۆرپە یان هەر بەرکەوتەیەکی راستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی دیکەی تووشبوو. نەخۆشییەکە لە دەرەنجامی کۆتاییدا پێی دەگوترێت ئایدز (AIDS) بەهۆی هەڵگری،و توشبوون بە ڤایرۆسی HIV و مانەوەی بۆماوەیەکی درێژ تا ئەگەری چەندین ساڵیش بەبێ هیچ نیشانەیەک. ھۆکاری سەرەکی مردن لە توشبووانی نەخۆشی ئایدز راستەوخۆ ڤایرۆسەکە نییە، بەڵکو کاریگەریی لاوەکی و ئاڵۆزکانەکانی ڤایرۆسەکەیە لەسەر دابەزاندن و کەمکردنەوەی بەرگریی لەشی تووشبوو کە وادەکات تووشبوو بەرگری نەخۆشیە درمەکانی تر و نەخۆشیەکانی شێرپەنجە نەکات.