پسپۆرێکی ژینگە: گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە بابەتێکی مەترسیدار

"دەبێت پلان و بەرنامەی تایبەت هەبێت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

پسپۆرێکی بواری ژینگە و کەشوهەوا رایگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە بابەتێکی مەترسیدار، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان، پلان و بەرنامەی تایبەت هەبێت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.

مەنسوور سوهرابی، پسپۆر لە بواری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "ئێستا گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، بەو گۆڕانە پلەکانی گەرما دەچێتە سەرەوە و تووشی ئاڵوگۆڕی دەبێت، دەتوانێت ئاسەواری لەسەر مرۆڤ و گیانداران هەبێت و ببێتە جێی مەترسی، لە هەندێک وڵات بەهۆی وشکە ساڵییەوە یان لافاو تووشی قەیران دەبن و خەڵکەکەی ناچار دەبن کۆچکردن".

گوتیشی: "حاڵەتێک دێتە پێشەوە رەنگە زۆربەی سیستەمەکانیش تووشی کێشە دەبن، کەواتە رەنگی ئەو بابەتە بۆ مرۆڤ وایلێهاتووە بگاتە ئاستی ئەوەی سەرۆکی وڵاتان دانیشن بۆ ئەو گرفتە، گەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی 1970، 1980 ئەو حاڵەتە نەبوو، ئەو باسانە بە باسێکی لاواز پێناسە دەکرا، لە ساڵی 1992 لە ریۆ کۆنفرانسێک کرا، ئەوە یەکەمین زەنگ بوو لێدرا دواتر لە ساڵی 1995 یەکەمین کۆپ لە بەرلین بەڕێوە چوو ساڵ دوای ساڵ ئەو کۆپانە بەڕێوە دەچوون، بۆ ئەوەی بزانن ئەو بابەتانەی لە کۆپەکان باسکراون بەجێ گەیەنراون یاخود نا، گرنگترینیان کۆنفرانسی پاریس لە ساڵی 2015 لەوێ بڕیاردرا کە پلەکانی گەرما بهێننە خوارتر بەرنامە و پلانیشی بۆ داڕێژرا، بەڵام بەداخەوە ئەوەی تا ئەمڕۆ روویداوە ئەوە دەگەیەنێت مرۆڤ یاخود وڵاتان نەیانتوانیوە، ئەو بەرنامە و پەیامانەی دەیاننارد بیگەیەنە ئەنجام".

مەنسوور سوهرابی، راشیگەیاند: "مەترسیی کەشوهەوا یەکجگار زۆر بووە، هاوینی ئەمساڵ لە ئەوروپا گەرمترین پلەی گەرمای تۆمار کرا، بەوهۆیەوە رێژەیەکی زۆری دارستان سووتا، ئێستا دەبینی زۆربەی وڵاتان بە لافاو تووشی کێشە دەبن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییە، بەتایبەت بۆ وڵاتانی وەک ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان، دەبێت هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە پلان و بەرنامەی هەبێت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا".

دەشڵیت: "لە کۆپی 26یشدا دەبوو وڵاتان پارەیەکی زۆربدەن بەو وڵاتانەی کە قەیرانیان لەسەرە، ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین کێشەیان هەبووە، لەسەر کەشوهەوا، زۆرترین ئاسەواری کەشوهەوا لەسەر ئەوانە بوو کۆمەکیان پێبدرێ، پێشتریش دراوە، ئێستا لەو کۆپەدا سندووقێک هەیە، ئەو پارانە لەو سندووقەدا دەبێت، بۆ ئەو وڵاتانەی کە تووشی قەیران دەبن ئیمارات و ئەڵمانیا هەریەکەیان بەبڕی، 100ملیۆن دۆلار بەشدار بوون، بۆ ئەو وڵاتانە کۆمەک بکەن کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی زۆر باشە".

مەنسوور سوهرابی پسپۆڕی بواری ژینگە و کەشوهەوا ئاماژەی بەوەشدا: "بڕیارێکدراوە 130 وڵات واژوویان کردووە کە گۆڕانکاری لە کەرتی کشتوکاڵ بکرێت، کەمتر ئاماژە بە کشتوکاڵ دەدرێت، گۆڕانکاری لە کەرتی کشتوکاڵدا دەتوانرێت کاریگەری باشی هەبێت لەو بابەتە، گۆڕانی کەشوهەوا لەگەڵ بەڕێوەبەری وڵات زۆر تێکەڵاو دەبێت، ئەگەر بەڕێوەبەرییەکە هەڵە بێت ئاسەواری گۆڕانی کەشوهەوا دادەبڕدرێت، کاتێک بەڕێوەبردنی ئاو و کشتوکاڵ بە هەڵە بەڕێوەببرێت، دەتوانێت چەندین گرفت و زیانێکی زۆر بگەیەنیت بەو وڵاتە".

رۆژی 30/11/2023، کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا کۆپ28 لە دوبەی بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر کە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دەستیپێکرد، لە رۆژی یەکەمی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی گەیشتە وڵاتی ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستپێکی ئەو لوتکە جیهانییە، لە پەیامێکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پێویستی بە کاری پێکەوەیی هەیە.

هاوکات خۆشحاڵی خۆی نیشاندا لەوەی بەشدارە لە لوتکەی 28ـەمینی جیهانی کەشوهەوا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو کارە گرنگە بکەنەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان ئەنجامی دەدەن.