داعش چووە نێو گوندێکی مەخموور و رووبەڕووی سوپای عێراق بووەوە
K24 - هەولێر
داعش هێرشی کردە سەر گوندێکی سنووری مەخموور و دوو سەربازی سوپای عێراقی بریندار کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، نزیکەی کاتژمێر 07:00، ژمارەیەک چەکداری داعش چوونەتە نێو گوندی "گۆپتەپە" لە سنووری قەزای مەخموور و، رووبەڕووی سوپای عێراق بوونەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە ئەنجامی شەڕەکەدا، دوو سەربازی سوپای عێراق برینداربوون و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، سوپای عێراق گەمارووی گوندەکەی داوە و شەڕەکە بەردەوامە.
پەیامنێری کوردستان24 دەشڵێت، "ئەو چەکدارانەی داعش کە بەیانی ئەمڕۆ چووەنەتە نێو گوندی گۆپتەپە و دەگوترێت هەشت چەکدارن، کاتژمێر 11:00ـی شەوی رابردوو لە گوندی عەلیە رەش، رووبەڕووی سوپای عێراق بوونەتەوە؛ سەربازێکیان کوشتووە و چوار سەربازی دیکەشیان بریندارکردووە".
بەهۆی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە سنووری مەخموور، چەندین جار چەکدارانی داعش لەو بۆشاییە ئەمنییانە دزەیانکردووە کە لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دروستبوون و تاوەکو ئێستاش پڕنەکراونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، درەنگانی شەوی پێنجشەممە، 30-11-2023، لە نزیک گوندی عیمرانییەی ناحیەی وەجیهیەی سەر بە پارێزگای دیالەش، چەکدارانی داعش بۆمبێکی چێندراویان بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقاندەوە و دوای کۆبوونەوەی هاووڵاتییان، بە نیشانشکێن (قەنناس) هێرشیان کرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە 27 کەس کوژراو و برینداربوون.