عێراق: داهاتی هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی رابردوو زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە

K24 - هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری سەرەتایی بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو و داهاتەکەی بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو راگەیاند.

وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆی هەناردەکردن و داهاتی نەوتی خاوی بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو راگەیاند، کە بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی "سۆمۆ" دەرچووە، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاو گەیشتووەتە 102 ملیۆن و 975 هەزار و 782 بەرمیل، کە  داهاتەکەی هەشت ملیار و 512 ملیۆن دۆلار بووە.

لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی دووەم لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 101 ملیۆن و 764هەزار و 620 بەرمیل بووە، هاوکات بڕی نەوتی هەناردەکراو بۆ ئوردن گەیشتووەتە 172 هەزار و 383 بەرمیل.

لە کاتێکدا تێکڕای بڕی نەوتی هەناردەکراوی رۆژانە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 433 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی هەناردەکراو بە 82 دۆلار و 66 سەنت بووە.