لێکۆڵینەوە لە کوژانەوەی گشتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکرێت

"لە ساڵی 2017ـەوە رووینەداوە"

K24 – هەولێر

بە بڕیاری وەزیری کارەبا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە، لەبارەی کوژانەوەی گشتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پێکهێنرا، کە بەگوتەی سەرچاوەیەک لە ساڵی 2017ـەوە ئەو حاڵەتە رووینەداوە.

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی رایگەیاند: "لەسەر کوژانەوەی گشتی کارەبای هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 30/11/2023 روویدا، وەزیری کارەبا لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە.

روونیشیکردەوە: "وەزیری کارەبا دەیەوێت هۆکاری کوژانەوەی گشتی کارەبا روونبکرێتەوە، چونکە لە ساڵی 2017ـەوە حاڵەتی وا رووینەداوە کە ماوەی 12 کاتژمێر کارەبا لە سیستەمی گشتی بکوژێتەوە".

سەرچاوەکە گوتیشی: "وەزیری کارەبا لیژنەکەی راسپاردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا هۆکارەکە ئاشکرا بکرێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بخرێتەڕوو".

بەگوتەی سەرچاوەکە، تائێستا هۆکاری کوژانەوەی گشتی کارەبا دیار نییە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 30/11/2023، کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبای هەرێم روویدا، دوای زیاتر لە 12 کاتژمێر بە هەوڵی تیمەکانی کارەبا لە کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و کۆنترۆڵی شارەکان و لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەتی کارەبا گرفتی کوژانەوەی گشتیی کارەبا چارەسەر کرا و دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە.