حەشدی تورکمانی رێگە نادات 160 خێزانی کورد بگەڕێنەوە گەڕەکێکی کەرکووک

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

شەش ساڵە زیاتر لە 160 خانووی هاووڵاتییانی کورد لە گەڕەکی "مەعسکەر خالید"ـی کەرکووک داگیرکراوە و دراوە بە تورکمانی شیعە و حەشدی تورکمانیش ناهێڵێت، هیچ خێزانێکی کورد بگەڕێتەوە گەڕەکەکە.

لە ساڵی 2003، ژمارەیەک خێزانی کورد لە گەڕەکی "مەعەسکەر خالید"ـی کەرکووک نیشتەجێکرابوون، بەڵام لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، ناوی گەڕەکەکە بۆ "بەدر" گۆڕدراوە؛ خانووی 160 خێزانی کورد داگیرکراوە و دراوە بە تورکمانی شیعەی دەرەوەی پارێزگاکە.

هاووڵاتییەکە کە خانووەکەی لەو گەڕەکە داگیرکراوە و نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت،  بۆ جاری یەکەم لەدوای رووداوەکانی  16ـی ئۆکتۆبەرەوە گەڕایەوە گەڕەکەکە و دەڵێت: "لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەر، بەهێز هاتنەسەرمان و خانووەکانمانیان داگیرکردن و دواتریش فرۆشتییان. ئەم خانووە هی منە، داگیرکراوە و چەندین ساڵە نەمتوانیەوە بگەڕێمەوە نێوییەوە".  

ئەو خانووانەی هاووڵاتییانی کورد کە ڕۆژانێک بەدەستی خۆیان دروستیان کردوون، ئێستا دەستاودەستیان پێکراوە و چەندجارێک فرۆشراون. ناوی مزگەوتی گەڕەکەکەشیان، کراوە بە "حوسەینییە" و هەموو سیمبۆلێکی کورد لەم ناوچەیە سڕدراوەتەوە. بەهۆی ئەوەی هێزی سەربازی، پاڵپشتی تورکمانی شیعەی گەڕەکەکە دەکات، هیچ خێزانێکی کورد ناتوانێت بگەڕێتەوە نێو خانووەکەی.

لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، ئیدارەی کەرکووک پرۆژەی خزمەتگوزاریی ڕێگا و بان و ئاو و کارەبای گەیاندووەتە گەڕەکە. ئەنوەر عادی، هاووڵاتییەکی عەرەبە و لە ناحیەی ڕەشادەوە ماڵی گواستووەتەوە ئەم گەڕەکە و دەڵێت، "هەموو خزمەتگوزارییەکمان بۆ دابینکراوە".

ئەنوەر باس لەوەش دەکات، "رێگە سەرەکییەکانمان کۆنکرێت کراوە، ئاوی شیرین، موەلیدە و کارەبامان هەیە و قوتابخانەی سەرەتایش کراوەتەوە".

بۆ کۆتایهێنان بە تەعریب و ڕێگەگرتن لە گۆرینی دیمۆگرافیای شارەکە، کورد سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە تاکە چارەسەر دەزانێت.

ئاهەنگ ئەنوەر، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاێزگای کەرکووک دەڵێت: "هەوڵدەدین لەرێگەی بردنەوەی هەڵبژاردنەوە، لە رووی یاساییەوە هەنگاوی جیددی بگرینەبەر، هەر کارێکی لەم شێوەیە لەرێگەی دادگاوە چارەسەربکەین و نەهێڵین هیچ بابەتێکی داگیرکاری و تەعریب بەسەر هاووڵاتییانی کوردی ئەم شارەدا تێپەڕببێت و هەموو هەوڵێکمان دەدەین بۆ ئەوەی دادگا و یاسا لەم شارەدا سەروەر بێت".

لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا و لەدوای نەمانی دەسەڵاتی کورد و بەتایبەت پارتی لە کەرکووک، بەهاوکاری ئیدارەی شارەکە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی عەرەب و تورکمان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هێندراونەتە کەرکووک و نیشتەجێکراون. تا ئێستاش پڕۆسەکە بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە.