فلیپین.. لە تەقینەوەیەکدا چوار کەس کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون

لە تەقینەوەکەدا مەسیحیەکان کراونەتە ئامانج
شوێنی رووداوەکە
شوێنی رووداوەکە

K24 - هەولێر

لە تەقینەوەیەکدا لە مەراسیمێکی کاسۆلیکەکان لە باشووری فلیپین، لانیکەم چوار کەس کوژران و دەیان کەسی دیکە برینداربوون.

بەگوێرەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەرێمی ئەلان نۆبڵزا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 3-12-2023، تەقینەوەکە لە هۆڵێکی جەماوەری وەرزشی زانکۆی ویلایەتی مینداناو لە شاری مەراوی روویداوە.

ئەفسەری پۆلیس، ئیمانوێل پێرالتا رایگەیاند، لەتەقینەوەکەدا چوار کەس کوژراون و نزیکەی 50 کەسی دیکەش برینداربوون، ئاماژەی بەوەشکرد.

سەرۆکی پێشووی فلیپین، فێردیناد مارکۆس رایگەیاند، "بە توندترین شێوە ئەو کردەوە بێمانا و قێزەونانەی تیرۆریستانی بیانی ئیدانە دەکەم".

کریس جورادۆ، خوێندکاری زانکۆ و یەکێک لە بریندارەکان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، تەقینەوەکە زۆر لەناکاو بوو و هەمووان دەستیان بە راکردن کرد، کاتێک ئاوڕم دایەوە خەڵک لەسەر زەوی کەوتبوون، گەتیشی: "ئێمە درکمان بەوە نەکردووە چی روویداوە، چونکە هەموو شتێک زۆر بە خێرایی روویداوە".

زانکۆی ویلایەتی مینداناو بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو "توندوتیژییە"ی کرد و هاودەنگی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەسیحی و هەموو ئەوانەی کە بەهۆی ئەم کارەساتەوە زیانیان بەرکەوتووە دووپاتکردەوە".

لای خۆیەوە، مەیول گەندەمرا، سەرۆکی شارەوانی مەراوی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و داوای لە موسڵمانان و مەسیحییەکان کرد یەکبگرن.

راشیگەیاند: شارەکەمان هەمیشە چرای پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاوئاهەنگی بووە و رێگە نادەین کردەوەی توندوتیژی دۆخەکە بشێوێنێت.

تەقینەوەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە سوپای فلیپین رایگەیاندبوو، لە رۆژی هەینی، هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدراوە بۆ سەر یەکێک لەو گرووپە چەکدارانەی کە لە باشووری ئەو وڵاتە چالاکن و بەو هۆیەوە 11 چەکدار کوژراون.

بەڕێوەبەری پۆلیس نۆبلزا دووپاتیکردەوە، کە دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە دەکەن کە ئایا تەقینەوەکە، پەیوەندی بەو هێرشە ئاسمانییەوە هەیە کە رۆژی هەینی ئەنجامدرا یاخود نا.

لە ماوەی ساڵانی رابردوو چەندین جار هێرشی چەکداری کراوەتە سەر پاسەکان و کڵێساکانی کاسۆلیکی و بازاڕە گشتیەکان.

لە مانگی ئایاری 2017 سەدان چەکداری ناوخۆیی و بیانی دڵسۆز بۆ داعش شاری مەراوییان کۆنترۆڵکرد. دوای شەڕێک کە پێنج مانگی خایاند و هەزاران کەسی تێیدا کوژرا، سوپای فلیپین کۆنترۆڵی شارەکەی کردەوە و شارەکەش تووشی وێرانکارییەکی گەورە بوو.