یاسین ساڵح: شایستەی دارایی سەرجەم دەرچووانی تواناسازی خەرج دەکرێت

یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 – هەولێر:

بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندی باڵا ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کاندیدانەی دوای پاکتاوی دارایی شایستەیان وەرنەگرتووە، ئەوا بۆیان خەرج دەکرێت، گوتیشی: ناردنە دەرەوەی قوتابییان بۆ خوێندن بەردەوام دەبێت.

یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، میکانیزمی خەرجکردنی شایستەداراییەکان بۆ کانیدانی تواناسازی، کاتێک لیستەکە راگەیەندرا ئەو کاندیدانە پێویستە سەرەتا نووسراوی راژەی خزمەتەکیان بهێنن، چونکە پێشتر گرێبەستیان کردووە کە دەبێت پێنج ساڵ خزمەت بکەن، دەبێت ئەو نووسراوە بهێنن و بۆ ئەوەی شایسەتەکانیان بۆ خەرج بکرێت.

ئەو بەرپرسەی خوێندنی باڵا، راشیگەیاند، بەپێی بنەمای دادپەروەری ئەم شایستەداراییانە بەسەر کاندیدانی تواناسازی دابەش دەکرێت، هەروەها ئەو کاندیدانەی دوای ئەوەی پاکتاوی دارایی دەکەن کە هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە، شایسەتەکان قۆناغ بە قۆناغ وەردەگرن، ئەم کاندیدانەی ئەم قۆناغەی ئێستا کە بۆیان خەرج دەکرێت هیچیان لە پێشوودا شایستەی داراییان بۆ خەرج نەکرابوو.

یاسین ساڵح، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کانیدانەی تواناسازی کە تەنیا خولی زمانیان خوێندوە و دواتر وازیان لە خوێندنەکەیان هێناوە ئەوانیش بەهەمان شێوە پارەیان بۆ خەرج دەکرێت.

ئەو بەرپرسەی خوێندنی باڵا، دەڵێت: بەشێک لە کاندیدانی تواناسازی تەواوی شایسەتەکانیان وەرگرتووە، بەشێکیشیان 50% وەرگرتووە، ئەم بەشەی ئەمڕۆش 30%یان بۆ خەرج دەکرێت، بەشێکیشیان تا ئێستا هیچیان وەرنەگرتووە. گوتیشی: ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و ئەوانەی تا ئێستا شایستەداراییەکانیان بۆ خەرج نەکراوە بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا بۆیان خەرج دەکرێت، ساڵانە لیستێک، یاخوود دوو لیست رادەگەیەندرێت بەپێی ئەو داهاتانەی کە لەدەست وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە.

یاسین ساڵح، دڵنیاییدا کە سەرجەم کاندیدانی تواناسازی شایستەداراییەکانیان بۆ خەرج دەکرێت. باسی لەوەشکرد، "ئەم پارەیەی کە ئێستا خەرج دەکرێت بۆ کاندیدانی تواناسازی، بریتیە لەو پارانەی کە ئێمە لە کاندیدانی وەردەگرینەوە کە بەهەر هۆکارێک بێت قەرزی وەزارەت کەوتووەتە لایان و دەدرێت بەو کەسانەی کە شایستەکانیان وەرنەگرتووە.

ناوبراو گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە بەرنامەی تواناسازی لە ئایندەش بەردەوامبێت، بەڵام دەکەوێتە سەر ئەو بارودۆخەی ئابووری، ئەگەر بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان باشتر بێت دڵنیام ئەو بەرنامەیە لە داهاتوو بەردەوام دەبێت". سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ناردنە دەرەوەی قوتابی بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی خوێندنی باڵا تا ئێستا نەوەستاوە، بەڵکو ساڵانە لە رێگەی زەمالەکانی وڵاتان کە دەیدەن بە وەزارەتی خوێندنی باڵا ناردنە دەرەوەی قوتابییان بەردەوامە.

ئەو بەرپرسەی خوێندنی باڵا، لەبارەی بەرنامەی تواناسازی گوتی: "نزیکەی 4000 قوتابی سوودیان لەو بەرنامەیەی خوێندن بینی، هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا و دامودەزگاکانی حکومەت سوودێکی زۆریان لە تواناکانی ئەو کاندیدانە وەرگرتووە کە لە دەرەوەی وڵات خوێندویانە و ئێستاش گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان، ئەو کەسانە توانیویانە ئەزموونێکی گەورە لە دەرەوە بهێنەوە و بیبەخشن بە قوتابییەکانیان کە لە زانکۆ وانەیان پێدەڵێنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (3ـی کانوونی یەکەم 2023) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستێکی شایستەداراییەکانی کاندیدان و دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی بڵاوکردەوە، کە تاوەکو ئێستا سەرجەم شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە.

وەک بەشێک لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی ئەو توێژانەی پێشتر لەکاتی خۆیدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەلایەن کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پارەیان بۆ خەرجنەکراوە، کە دوای ئەوەی ساڵی رابردوو، دوو لیستی دیکە راگەیەندرا، ئەمجارە بۆ جاری سێیەم لیستێکی دیکەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی دەرچووان و کاندیدانی تواناسازی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڵاودەکرێتەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەرچووان و کاندیدانى تواناسازى ئەوانەى ناویان لە لیستى هاوپێچ هاتووە پێویستە لە رۆژی (4-12-2023) بە دواوە سەردانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى/ بەڕێوەبەرایەتى تواناسازی بکەن بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانە، (پشتگیری شوێنی کار کە بەردەوامە لە خزمەتی بێ پچڕان دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی، ئەگەر کاندید (5) ساڵ خزمەتی کردبوو لە شوێنەکەی، ئەوا پشتگیری (5) ساڵ خزمەت لەگەڵ خۆی بهێنێت، ئەگەر کاندید خۆی ئامادە نەبوو بەهەر هۆکارێك، ئەوا وەکیلەکەی دەتوانێت سەردان بکات، ئەگەر کاندید لە کەرتی تایبەت بێت، پێویست دەکات خۆی ئامادەبێت).

بۆ بینینی لیستەکە ئێرە کلیک بکە.