ستۆڵتنبێرگ: دەبێت ناتۆ ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی هەواڵی ناخۆش لەسەر ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند. هاوپەیمانی ناتۆ دەبێت ئامادەبێت بۆ وەرگرتنی هەواڵی ناخۆش لەسەر ئۆکرانیا.

 یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ بە کەناڵی "ئی ئاڕ دی" ئەڵمانی راگەیاند: دەبێت ئامادەکاری بکەین بۆ پێگەیشتنی هەواڵی ناخۆش، گوتیشی: "پێویستە لە کاتی خۆش و ناخۆشدا پشتیوانی ئۆکرانیا بکەین".

سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ، جەختی کردەوە، پێویستە بەرهەمهێنانی تەقەمەنی بەرزبکەینەوە، دانی بەوەدانا کە وڵاتانی ناتۆ ناتوانن خواستی زیاتر دابین بکەن.  ئاماژەی بە گرنگی بەرزنەبوونەوەی نرخی تەقەمەنی کرد، لە ئێستادا کە خواست لەسەری زۆرە.

 ستۆڵتنبێرگ راشیگەیاند، ئێستا ئۆکرانیا لە دۆخێکی ناجێگیردایە، بەڵام رەتیکردەوە پێشنیاری ئەوە بکات کە کیێڤ چی بکات، گوتیشی: "ئەوە بۆ ئۆکرانیاییەکان و سەرکردە سەربازییەکان جێدەهێڵم کە ئەم بڕیاری ئۆپەراسیۆنە قورسانە بدەن".

باسی لەوەشکرد، شەڕەکان لە بنەڕەتدا پێشبینی نەکراون، بەڵام دەزانین تا زیاتر پشتیوانی ئۆکرانیا بکەین، شەڕەکە خێراتر کۆتایی دێت.

 ماوەی زیاتر لە 21 مانگە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر، هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیاش بۆ سەر رووسیا لە هاوینی 2023 دەستی پێکرد، هێرشەکەس لە ئاست چاوەڕوانییەکانی کیێڤ و وڵاتانی رۆژئاوادا نەبوو.