هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق؛ دژە ئیتارییەکانی لە بەرەیەکدا کۆنەکردەوە

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

K24 – هەولێر:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کێبڕکێی نێوان هێزەکان گەرمتردەبێت و لیستە رکابەرەکانی دەرەوەی لایەن و هاوپەیمانییە سەرەکییەکان لە ئامادەنەبوونی سەدرییەکان، دەیانەوێت خۆیان وەک هێزی ئۆپۆزیسیۆن و دژە ئیتارییەکان بناسێنن بۆ بەدەستهێنانی دەنگ.

ئەگەرچی بەهۆی بنکەی جەماوەری و بوونی دەسەڵات و هێز، سەرنجی میدیاکان لەسەر لیستی پارت و هاوپەیمانییە بەهێزەکانە لە هەر سێ پێکهاتەی شیعە، سوننە و کورد، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسیی و خراپی رەوشی خزمەتگوزاری و ئابووریی دانیشتووانی پارێزگاکانی فوراتی ناوەڕاست و باشووری عێراق، چەند لیستێکی دیکە لەم هەڵبژاردنە هاتوونەتە هاوکێشەی کێبڕکێی سیاسییەوە لە رێگەی دروستکردنی هاوپەیمانی گەورە و کۆکردنەوەی هێز و لایەنە بچووکەکان، ئەمەش وەک یەکێک لە کاریگەرییەکانی پەیڕەوکردنی سیستمی سانت لیگۆ (1.7) لەم هەڵبژاردنە.

هەرچەندە سەدرییەکان، ئەیاد عەلاوی و بەشێک لە چالاکوان و بزووتنەوە سیاسیی و جەماوەرییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە ناڕازین بە یاسای هەڵبژاردنەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردنی هێزە گەورەکان لەم هەڵبژاردنە، کە هەژموونی دەسەڵات و هێز و پارەیان لەژێر دەستدایە، لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە لایەنەکان بڕیاریانداوە، بەختی خۆیان لەو تاقیکردنەوە چارەنووسسازەدا تاقی بکەنەوە، لەوانەش هاوپەیمانی "قيم المدني".

هاوپەیمانی قیەم؛ هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات

هاوپەیمانی "قيم المدني" کە لە 11 پارتی سیاسیی و ژمارەیەک لە بزووتنەوە و گرووپی سیاسیی لە پارێزگا جیاجیاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێکهاتووە و بەشێک لە هێزەکانی ناسراو بە ئۆپۆزیسیۆنی مەدەنی "تشرینییەکان" و هەندێل پارتە سیاسییە دێرینەکانی لەخۆگرتووە، لەوانە هەردوو حزبی شیوعی کوردستان و عێراق، "التيار الاجتماعي الديمقراطي"، "حزب البيت الوطني"، "الحركة المدنية العراقية"، "حركة نازل آخذ حقي" و هاوپەیمانی مەدەنی و چەند پەرلەمانتار و کەسایەتییەکی دیکەی سەربەخۆ.

ئەم هاوپەیمانییەتە بۆ بەشداریکردن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هاتووەتە گۆڕەپانی سیاسیی و لەلایەن عەلی رەفیعییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و لە هەر 15 پارێزگاکە بۆ ئەم هەڵبژاردنە 400 کاندیدی لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق هەیە.

لایەنەکانی هاوپەیمانی "قيم المدني" سەرکەوتوونەبوون لە رازیکردنی پەرلەمانی عێراق لەکاتی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بەهۆی ناڕازیبوونیان لە پەیڕەوکردنی سیستمی سانت لیگۆ (1.7) بۆ هەژمارکردنی دەنگەکان و دابەشکردنی کورسییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا لەژێر چەتری "هێزەکانی گۆڕانی دیموکراتی" بانگەشەی گۆڕانکاری لە سیستمی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی عێراق دەکەن.

تشرینییەکان لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2019 کە زیاتر لە ساڵێکی خایەند و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 700 کەس و برینداربوونی 20 هەزار کەسی دیکە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە بەهۆیەوە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا، بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون کە بەشێکیان باوەڕیان ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە رێگەی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەوە نییە و تەنیا پشتیوانی لە خۆپیشاندان و دروستکردنی فشاری جەماوەری دەکەن، بەشی دووەمیان باوەڕیان وایە پێویستە لە رێگەی دروستکردنی پارت و هێزی سیاسییەوە، رکابەری بکەن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ریشەیی.

لایەنەکانی ئەم هاوپەیمانییە بریتین لە (حزبی شیوعی عێراقی، حزبی شیوعی کوردستان، حركة نازل اخذ حقي الديمقراطية، التيار الاجتماعي الديمقراطي، حزب التنوير الوطني، حزب البيت الوطني، الحركة المدنية الوطنية، حزب الريادة العراقي، حزب المثقف العراقي، تيار الديمقراطي، التجمع الجمهوري العراقي، فراکسیۆنی وەتەن لە پەرلەمانی عێراق کە خاوەنی حەوت کورسییە، لەگەڵ چەند هێز و گرووپێکی دیکە).

هاوپەیمانی "قيم المدني" ئەم گردبوونەوە سیاسییەیان بۆ کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دادەنێت کە بڕیارە لە 2025 بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ‌هێزەکانی دەسەڵات بچنە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، بەڵام ئەوەی بەربەستی بۆ گەشەکردن و زیاتر فراوانبوونی ئەم جۆرە هێزانە لە واقعی ئێستای عێراق دروستکردووە، دابەشکردنی پۆستە سەرەکییەکانە بەسەر پێکهاتەکانی شیعە، سوننە و کورد بەڵام ئەوان لە دەرەوەی ئەو مۆدێلە کە لە 2003ـەوە پەیڕەو دەکرێت، کاردەکەن لەسەر ناسمانەی مەدەنی بۆ بەڕێوەبردنی عێراق.

بەربەستێکی دیکەی بەردەم هاوپەیمانی "قيم المدني"، بوونی رکابەرێکی بە‌هێزە لە لیستەکانی سەر بەدەسەڵات کە خاوەنی پشیوانی دارایی، سەربازی و ناوچەیی بەهێزن و ئەمەش وایکردووە، بنکەیەکی جەماوەری بەهێزبن و گرێنتی مانەوەیان زیاتر بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، لا بانگەشەی هەڵبژاردنیش پشتیوانییەکی زۆر لە کاندیدەکانیان دەکەن بۆ راکێشانی سەرنجی دەنگدەران، بۆیە پەیامی هەڵبژاردنی هاوپەیمانیەتییەکە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان دەخولێتەوە بۆ بەدەستهێنانی سۆز و دەنگی شەقامی عێراقی، بەبێ ئەوەی راشکاوانە باس لە کەموکوڕییەکان بکەن بۆ دوورکەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان و مەرجع و کەسایەتییە ئایینە دیارەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.

هاوپەیمانی ئەساس؛ لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا

هاوپەیمانی (الأساس) کە موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات لە چەند هێز و لایەنێکی سیاسیی پێکهاتووە کە لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 19 کورسیین، هەرچەندە بە هاوپەیمانییەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارییەکانی حەشدی شەعبی ناسراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە چالاکوانانی تشرینییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکانی تێدایە.

هاوپەیمانی ئەساس لە 22 پارت و بزووتنەوەی سیاسیی پێکهاتووە کە بریتین لە (تجمع الوتد العراقي، حزب واثقون، تيار المد العراقي، تحالف الطريق الوطني، حركة الوفاء العراقية، تجمع وطن المدني العراقي، حزب الاسس الوطني، حزب الدليل الوطني، تيار الوعد العراقي، تحالف الاكثرية الوطني، تيار بناة العراق، تجمع مضيف العراق الكبير، حزب البصمة الوطنية، حزب المهنيين للإعمار، حزب سور العراق، حراك البيت العراقي، حزب الايثار العراقي، حركة الولاء العراقي، حزب الوفاء العراقي، تجمع ثوار الانتفاضة، تيار التميز الوطني، تجمع وطن لحملة الشهادات العليا في العراق).

هەروەها چەند پەرلەمانتارێکی پێشووی بزووتنەوەی ئیمتیدادی تشرینییەکان لە پەرلەمانی عێراق و زید تەڵقانی، سەرۆکی سەنتەری رافیدەین بۆ گفتوگۆشی لەخۆگرتووە، وەک گەورەترین هاوپەیمانی سیاسیی لە عێراق لە رووی ژمارەی پێکهاتەکانییەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن.

بەگوێرەی بەدوادچوونی ناوەندەکان، هاوپەیمانی ئەساس لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق جگەلە پارێزگای بەسرە، چاوەڕێی بەدەستهێنانی دەنگێکی زۆریان لێناکرێت بەهۆی ئەوەی کاندیدەکانیان ناسراونین، بەڵام لە بەسرە، بەهۆی بوونی مستەفا سەنەد لەو هاوپەیمانییەتە، پێشبینی دەکرێت، کورسی لە ئەنجوومەنی داهاتووی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنن.

هەرچەندە بەهۆی بوونی چەند ئەندامێکی تشرینییەکان و راکێشانی سەرنجی دەنگدەران، بەشێک لە پەیام و دروشمەکانی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی ئەساس نزیکە لە ناڕەزایەتییەکان، بەڵام چاودێران بوونی ئەو جۆرە بانگەشەیە و دروستبوونی ئەو هاوپەیمانییەتە نزیک لە ئیتارییەکان (چوارچێوەی هەماهەنگی) بۆ شێواندنی هەڵوێستی دەنگدەران دادەنێن لە هەڵبژاردن و پەرتەوازەکردنی ریزەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن.

هاوکات بەهۆی دەرکەوتنی کێبڕکێی هاوپەیمانی ئەساس لەسەر ئاستی پەیامی هەڵبژاردن و کاندیدان لەگەڵ هاوپەیمانی قیەم و نزیکییان لە یەکەوە، گومانی ئەوە لای دەنگدەرانی تشرینییەکان نوێ دەکاتەوە، هاوشێوەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمتیداد جیابوونەوە و چوونە نێو هاوپەیمانییەکانی نزیک لە ئیتارییەکان، کە لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، بەهەمان شێوە ئەو کاندیدانەی هەردوو هاوپەیمانی قیەم و ئەساس پشت لە پەیامەکانیان و دەنگی دەنگدەرانیان بکەن و لە دەسەڵات نزیک ببنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، دوو سیناریۆی دیکەیش هەیە کە بریتین لە بەدەستنەهێنانی کورسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن هاوپەیمانییە مەدەنییەکانەوە، ئومێدی سەرهەڵدانی هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر لە عێراق لەباردەبات، سەرکەوتنیشیان لە هەڵبژاردنەکان بە هەر رێژەیەک، وادەکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، لە ئامادەنەبوونی سەدرییەکانیش، هێزێکی دیکە لە دەرەوەی ئیتارییەکان دەبێتە رکابەری دەسەڵات لە هاوکێشەی سیاسیی عێراق.

پارتەکانی پارێزگارەکان؛ مۆدێلی نوێی کاری سیاسیی بۆ هەڵبژاردن

بۆ مانەوە لە پۆستەکانیان و پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتەکانیان، بەشێک لە پارێزگارەکانی ئێستای عێراق پارتی سیاسی تایبەت بەخۆیان دروستکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەمەش وایکردووە پۆست و دەسەڵات و پرۆژەکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن.

لەو پارێزگارانەش هەریەکە لە محەممەد هادی، پارێزگاری زیقار، ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە، نەسیف خەتابی، پارێزگاری کەربەلا، محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واست و راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک.

بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەکانەوە، بەرپرسانی حکومی دەستکراوەن و هیچ رێگرییە نییە دەسەڵات و پۆستەکانیان سنوورداربکات لە بانگەشەی هەڵبژاردنم یاخود شەش مانگ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەست لە پۆستەکانیان هەڵبگرن. بۆیە بەشێک لە پارێزگار و بەرپرسانی حکومی کە کاندیدن یاخود لیستیان هەیە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەلایەن رکابەرەکانیانەوە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی، بودجەی گشتی و پرۆژەکان و دەسەڵاتەکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن.

ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی ئەو پارێزگارانە کراونەتەوە بریتین لە دەستکاریکردنی دابەشکردنی پلەی وەزیفی دامەزراندن بەپێی یاسای بودجە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بەو ناوچانەی بنکەی جەماوەرییان تێدا هەیە، قۆستنەوەی دەسەڵاتەکانیان بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری بە پێدانی راستەوخۆی گرێبەستەکان بەتایبەتی بۆ ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن پشتیوانییان لێدەکەن،  لەگەڵ پێدانی پارچەزەوی لە شارەوانییەکان بە کەسایەتییە کاریگەر و دیارەکان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانییان لە هەڵبژاردن.

هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەم

بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، شەش هەزار و 22 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە ژمارەی هاوپەیمانییەکانیش 38 لیستە، لەگەڵ 163 پارت و کاندیدی سەربەخۆ، بەشێوەیەک چوار هەزار و 223 کاندید لە هاوپەیمانییەکان و هەزار و 729 کاندید لە پارتەکان و 70 کاندیدی سەربەخۆ پێکهاتوون.

لەبارەی کاندیدی پێکهاتەکانیش، 16 کاندید لە پێکهاتەی کریستیان و 13 کاندید لە پێکهاتەی کوردە فەیلییەکان و پێنج کاندیدی شەبەک و چوار کاندیدی ئێزدییەکان خۆیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاندید کردووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنیش، 87 چاودێری نێودەوڵەتی و زیاتر لە 33 هەزار چاودێری نێوخۆیی و زیاتر لە پێنج هەزار بریکاری پارتە سیاسییەکان چاودێری پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن، هەروەها 95 دەزگای راگەیاندنی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیش رووماڵی هەڵبژاردنەکە دەکەن.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

زیاتر بخوێنەوە:

کەرکووکییەکان بە هەڵبژاردن کۆتایی بە کاریگەرییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دەهێنن؟

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: کورد هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پۆستەکانی دەدات

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە دیالە و سەڵاحەددین؛ کورد شەڕی ناسنامە دەکات

سوننەکانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بەسەر چوار بەرەدا دابەشدەبن 

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.. شیعەکان لە گۆڕەپانی سوننەکان یاری دەکەن

لە ئامادەنەبوونی سەدر؛ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گرەوی بردنەوە لەگەڵ یەکتر دەکەن