سوننەکانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بەسەر چوار بەرەدا دابەشدەبن

هەڵبژاردن لە عێراق
هەڵبژاردن لە عێراق

K24 – هەولێر:

هەرچەندە لە ساڵی 2013ـەوە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجامنەدراوە بەڵام بۆ دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش کە زۆرترین وێرانکاری لە ناوچە سوننیەکان لەدوای خۆی جێهێشت، لە هەڵبژاردنی ئەمجارە سوننەکان دەیانەوێت باڵادەستی خۆیان لە ناوچەکانیان وەربگرنەوە و بۆ کێبڕکێش لەسەر کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەسەر چوار بەرەی جیاوازدا دابەشبوون.

کێبڕکێی لایەنە سوننەکانی عێراق بەگشتی لە شەش پارێزگا کۆبووەتەوە، ئەوانیش پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووکە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستمی (سانت لیگۆ 1.7) کە لە یاسای هەڵبژاردنەکان لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا جێگیرکرا، ئەمەش دەرفەتی سەرکەوتن زیاتر دەداتە هاوپەیمانییە گەورەکان.

وابڕیارە لە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، هەریەکە لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کە دوو لە سەرکردە دیارەکانی سوننەن، لەگەڵ هەردوو بەرەی حەسم و عەزم، کێبڕكێ لەسەر کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن.

ژمارەی ئەو کورسییانەی سوننەکان کێبڕکێی لەسەر دەکەن بریتین لە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 26 کورسی پێکهاتووە کە حەوت کورسییان کۆتای ئافرەتانە، ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین لە 15 کورسی پێکهاتووە و چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار لە16 کورسی پێکهاتووە کە چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە، پارێزگای دیالە لە 15 کورسی پێکهاتووە و چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە، هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدای پایتەخت لە 49 کورسی پێکهاتووە و 13 کورسییان کۆتای ئافرەتانە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش لە 15 کورسی پێکهاتووە و چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە.

هاوپەیمانییەکانی حەلبووسی

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە چەند لیست و هاوپەیمانیەتییەک بەشداری کردووە، بەم شێوەیە:

- هاوپەیمانی تەقەدومی نیشتمانی کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات و لە حزبی تەقەدوم (حزب تقدم)، پرۆژەی نیشتمانی عێراقی (المشروع الوطني العراقي) بە سەرۆکایەتی جەمال ئەلزاڕی، حزبی بژاردەی عەرەبی (الخيار العربي)، بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم عەبتان، حزبی مافی نیشتمانی (الحق الوطني) بە سەرۆکایەتی ئەحمەد مەساری و  حزبی (البواسل الوطني)ـی بە سەرۆکایەتی محەممەد قوتەیبە لەخۆدەگرێت و ئەم هاوپەیمانییەتە لە پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، سەڵاحەددین، نەینەوا و دیالە چووەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

- هاوپەیمانی "قیمەم" بە سەرۆکایەتی خالید بەتاڵ، وەزیری پیشەسازی عێراق لە ژمارەیەک لە پارتە بچووکەکان لەخۆی دەگرێت و لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەددین کێبڕکێی هەڵبژاردن دەکەن.

- هاوپەیمانی ئەنبار ناسنامەمانە بە سەرۆکایەتی عەلی فەرحان، پارێزگاری ئەنبار و چوار لایەن لەخۆدەگرێت کە بریتین لە "سەحوەی عێراق"، گردبوونەوەی " التعاون"، گردبوونەوەی "نهضة جيل" و پرۆژەی "الإرادة الشعبية" لە پارێزگای ئەنبار کێبڕكێی هەڵبژاردن دەکەن.

- هاوپەیمانی "قیادە" بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیم کە لە پارێزگاکانی کەرکووک، بەسرە، واست و بابل کێبڕکێی هەڵبژاردن دەکات و ئەم هاوپەیمانیەتییە هەردوو حزبەکەی حەلبووسی و خەنجەر لەخۆدەگرێت.

- هاوپەیمانی "خيمة واسط" بە سەرۆکایەتی عەدنان جەحیشی لە پارێزگای واست کێبڕکێی هەڵبژاردن دەکات و هەردوو حزبی پێشکەوتنی عێراقی "التطور العراقي" و"سور الوطن" لەخۆدەگرێت.

هاوپەیمانییەکانی خەمیس خەنجەر

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە سێ هاوپەیمانی بەشداری کردووە، کە بریتین لە:

- لیستی حزبی سیادە بە سەرۆکایەتی خۆی کە لە پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، سەڵاحەددین، نەینەوا و دیالە بەشداری کردووە.

- هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک کە راکان جبووری سەرۆکایەتی دەکات و لایەنەکانی "المشروع العربي"، "الكرامة" و "اتحاد القوى الوطنية" لەخۆگرتووە و بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە.

- هاوپەیمانی "قیادە" بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیم بە هاوبەشی لەگەڵ حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی لە پارێزگاکانی کەرکووک، بەسرە، واست و بابل کێبڕکێی هەڵبژاردن دەکەن.

هاوپەیمانی حەسم (الحسم)

هاوپەیمانی حەسم بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق لە هەر 15 پارێزگاکە بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە و چەندین لایەنی عێراقی لەخۆگرتووە، کە بریتن لە حزبەکانی "الحل"، "متحدون"، "صدى المواطن"، "حركة العدل"، "تجمع تنمية"، "الانتماء الوطني"، "حركة حسم للإصلاح"، "المجد" و "الكتلة العراقية الحرة".

هاوپەیمانی عەزم (العزم)

هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائی لە پێنج لایەن پێکهاتووە ئەوانیش پارتەکانی " العزم"، "التصدي"، "الجماهير الوطنية"، "الوحدة العراقية" و گردبوونەوەی "من أجل الديمقراطية" لە زۆربەی پارێزگا سوننییەکان بەشداری کردووە و لە کەرکووکیش بەشێکن لە هاوپەیمانی "العروبة".

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 2023

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ کاندیدە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، کاندید و لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە فەرمی دەستیان بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.