بەهۆی بۆردوومانی تورکیا هاووڵاتییەک لە بامەڕنێ شەهید بوو

دیمەنێکی دوای بۆردوومانەکە
دیمەنێکی دوای بۆردوومانەکە

K24 - دهۆک

لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە نزیک سەنتەری بامەڕنێ، هاووڵاتییەک شەهید بوو و سێ هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون. 

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 05-12-2023، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا نزیک سەنتەری ناحیەی بامەڕنێیان بۆردوومانکرد؛ بەهۆیەوە هاووڵاتییەک شەهید بوو و سێ هاووڵاتی دیکەش برینداربوون. ئاماژە بەوەش کرد، بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراون.

بۆردوومانەکەی نزیکەی کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە و بۆ جاری یەکەمە ئەو شوێنە بۆردوومان بکرێت کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە ئامانجی گرتووە.

بازید جەمیل، مامی مەتین سدیق، یەکێک لە بریندارانی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "تەندروستیی مەتین باشە، بەڵام نەمانبینیوە، چونکە رێگەیان پێ نەداین بچینەوە ژوورەوە".

ناحیەی بامەڕنێ دەکەوێتە سەر بە قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک. ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە، وەکو ئەوەی مامی مەتین باسی کرد، "تەنها 200 مەتر لە سەنتەری ناحیەی بامەڕنێ دوورە. ساڵی رابردووش نزیک ئەم شوێنە بۆردوومانکرا، بەڵام پارساڵ کەس شەهید نەبوو. ئەمجارە شەهیدێک و سێ بریندارمان هەیە".

بازید جەمیل ئاماژەی بەوەش کرد، "مەتین و چەند هاوڕێیەکی رۆژانە لەگەڵ بەڵێندەرێک لەو شوێنەی بۆردوومانکراوە کاردەکەن و خەریکی کاری کشتوکاڵین". گوتیشی، "بۆردوومانەکە بەبیانووی بوونی پەکەکە لەو شوێنە کراوە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین کێشەی نێوان تورکیا و پەکەکە چارەسەربکەن، بۆ ئەوەی کەسی دیکە نەبێتە قوربانی ململانێیەکانیان".

 

 

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ راگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەی بۆردوومانەکەی بامەڕنێ بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە. رێکخراوەکە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناسراوە.

لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 80 هەزار کەس لە هەردوولا (چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا) گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون.


ئامادەکردن: مەسعود وەرمێلی و ماهر شنگالی