وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەسەر بابەتی پەنابەران سەردانی رواندا دەکات

K24 - هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ جەیمس کلیڤەرلی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە سەردانەکەیدا بۆ رواندا رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە پەنابەران واژۆ بکات.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی بەریتانیا، ئەمڕۆ سێشەممە، 5-12-2023، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەرەو کیجالی دەڕوات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەدوای باشترین پلاندا دەگەڕێت، بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە ئەفریقایە، تاوەکو بە شێوەیەکی یاسایی پەسەند بکرێت دوای ئەوەی دادگای باڵا بڕیاری دژی ئەم سیاسەتە دەرکردبوو.

 هەروەها پلانی بۆ یاسای ناوخۆیی دانراوە، تاوەکو پەرلەمان بتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە رواندا شوێنێکی سەلامەتە بۆ ئەو پەنابەرانەی کە دەگەنە بەریتانیا.

 وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، کلیڤەرلی لەگەڵ هاوتاکەی روانداییەکەی، ڤنسێنت پیرۆتا، کۆدەبێتەوە بۆ واژۆکردنی پەیماننامەکە و گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوە گەورەکانی داهاتوو سەبارەت بە بەناو هاوبەشی کۆچ و گەشەپێدانی ئابووری، هەروەها سەردانی یادەوەری جینۆسایدی کیجالی و ستافی کۆمسیۆن باڵای بەریتانیا دەکات.

پێش ئەوەی بگاتە کیجالی، کلیڤەرلی گوتی، "دڵنیاین کە رواندا وڵاتێکی سەلامەتە و بە خێرایی کاردەکەین بۆ ئەوەی لەم هاوبەشییەدا بەرەو پێشەوە بچین بۆ راگرتنی بەلەمەکان و رزگارکردنی ژیانی خەڵک".

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "پی ئی میدیا"ـی بەریتانی، بڕیارە پارێزەرانی بەریتانیا رەوانەی دادگاکانی رواندا بکرێن، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێدا کە ئامانج لێی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتە لە کۆتاییدا بۆ گواستنەوەی پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتە ئەفریقییە.

وەزیرەکانی بەریتانیا هیوادارن رێککەوتنە نوێکراوەکە لەگەڵ یاسای فریاگوزاری لە ناوخۆدا، چارەسەری ئەو کێشانە بکات کە وایکردووە دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری نایاسایی پلانی رواندا بدات.

 جێگای سەرنجە کە لە ماوەی خولی سەرۆک وەزیرانی پێشوو بۆریس جۆنسن، بەریتانیا لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا رێککەوتنێکی لەگەڵ رواندا واژۆ کرد بۆ ناردنی کۆچبەرانی تۆمارنەکراو بۆ ناوەندە کاتیەکانی ئەو وڵاتە ئەفریقییە.

 ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان و رێکخراوە خێرخوازیەکان لە بەریتانیا رەخنەیان لە پلانی حکومەت گرت بۆ ناردنی ژمارەیەک پەنابەر بۆ رواندا،  ئەوان پلانەکەیان بە "دڕندانە" وەسف کردووە و هۆشدارییان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ داوە.