دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەددین دابەش دەکرێت

زانکۆی سەڵاحەددین
زانکۆی سەڵاحەددین

K24 - هەولێر

زانکۆی سەڵاحەددین دەرماڵەی مانگێکی قوتابییانی دابەش دەکات و دەڵێت، لە ماوەیەکی نزیکدا دەرماڵەی دوو مانگی دیکەش دابەش دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 05-12-2023، سامان عه‌بدوڵڵا، به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆی سه‌ڵاحەد‌دین بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئه‌مڕۆ ڕه‌زامه‌ندی بۆ دابه‌شكردنی ده‌رماڵه‌ی قوتابییانی زانکۆکە وه‌رگیرا و پاره‌ی پێویستیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌به‌ر ده‌سته‌.

سامان عه‌بدوڵڵا دەڵێت، ئه‌م بڕیاره‌ بۆ یه‌ك مانگه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیك ڕه‌زامه‌ندی بۆ دابه‌شكردنی دوو مانگه‌كه‌ی دیکە وه‌رده‌گرن و بەسەر قوتابییانی زانكۆی سەڵاحەددیندا دابەشی دەکەن.

زیاتر لە 25 هەزار قوتابی لە زانکۆی سەڵاحەددین هەن. بە گوتەی گوتەبێژی راگەیاندنی زانکۆکە، پڕۆسەی دابەشکردنی دەرماڵە لەمڕۆوە دەستیپێکردووە و قوتابیانی چەند کۆلیژێک دەرماڵەکەیان وەرگرتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی پاڵپشتییە داراییەكە بۆ قوتابیانی ناوشار 40 هەزار دینار و بۆ قوتابیانی دەرەوەی شاریش 60 هەزار دینارە.

رۆژی چوارشەممە، 22-2-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا لەسەر بەردەوامی و خەرجکردنی زیاتر لە حەوت ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە وەک پاڵپشتی بۆ قوتابییان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەشە ناوخۆییەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2022 و 2023.

بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەو گوژمەیە ھاوشێوەی ساڵی خوێندنی 2021 و 2022ـە و لەسەر بودجەی زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان دەکرێت.