حاجی خالید مەولوود: بەرنامەکانی پارتی لە بەرژەوەندی خەڵکی کەرکووك دەبێت

kurdistan24.net

K24 – کەرکووک:

کاندیدێکی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: دوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 کەرکووک هاوسەنگی هێزی لەدەستدا. هاوکات گوتیشی: پارتی لە کەرکووک خاوەنی پێگەیەکی زۆر بەهێزە، هاوکا دەنگێکی زۆریش لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەدەست دێنێت.

حاجی خالید مەولوود، کاندیدی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، کاتێک بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستانمان بینی، ئەو بەرنامەیەی کە ئامادەیکردبوو بۆ هەڵبژاردن ئێمە بینیمان زۆر نزیکە لەو بیر و بۆچوونانەی کە ئێمە وەک حزبی ئیسلامی عێراق هەمانە کە خاڵی بەهێز و گرنگی تێدایە، بە بڕوای ئێمە ئەو بەرنامەیە سوودێکی زۆر بە هاووڵاتییانی کەرکووک دەگەیەنێت، ئێمە بە قەناعەتێکی تەواو لەگەڵ ئەم لیستە بەشداربووینە بۆ هەڵبژاردن.

ئەو کاندیدەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەدا، ئومێدێکی زۆرمان هەیە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگێکی زۆر بەدەستبهێنێت، کە شایستە بە پێگە و قورسایی خۆی بێت بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت بە هاووڵاتییانی شاری کەرکووک بکەین، هەروەها یەکێ لەو خاڵە بەهێزانەی کە لەناو ئەم بەرنامەیە هەیە بابەتی ئاشتی، پێکەوژیان و یەکترقبوڵکردنە.

حاجی خالید مەولوود، ئەوەشی راگەیاند، بەپێی یاسای کۆمیسیۆن هەموو پارت و لایەنێک ئازادە کە چۆن بەشداری لەم هەڵبژاردنە بکات، لە لیستەکەی ئێمە عەرەبیشی تێدایە و تورکمانیشی تێدایە، هاوکات هەموویان پشتگیری پارتی دەکەن.

ئەو کاندیدەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتی: بەرنامەی ئێمە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبێت هەوڵبدەین کەسێکی کوردی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر وەک پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان بکەین.

گوتیشی: ئێمە دەمێنینەوە لەناو لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕوایەکی تەواومان بە بەرنامەی ئەو حزبە هەیە، هەروەها ئێمە پەیوەندییەکی ستراتیژیمان هەیە لەگەڵ ئەو حزبە.

بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

هەروەها کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، شەش هەزار و 22 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە ژمارەی هاوپەیمانییەکانیش 38 لیستە، لەگەڵ 163 پارت و کاندیدی سەربەخۆ، بەشێوەیەک چوار هەزار و 223 کاندید لە هاوپەیمانییەکان و هەزار و 729 کاندید لە پارتەکان و 70 کاندیدی سەربەخۆ پێکهاتوون.