ئیدارەی بایدن پارەی پێویستی بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بەدەستەوە نەماوە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AFP)
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا (وێنە: AFP)

K24 - هەولێر

ئیدارەی بایدن پارەی پێویستی بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بەدەستەوە نەماوە. کۆنگرێسیش تاوەکو ئێستا بودجەی بۆ ئەو وڵاتە پەسەند نەکردووە.

شەڕی حەماس و ئیسرائیل تەواوی سەرنجی بەرپرسانی جیهانی بە لای خۆیدا راکێشاوە، بەڵام هێشتا جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاش بەردەوامە و کیێڤیش مەترسی ئەوەی لەسەرە جەنگەکە بە مۆسکۆ بدۆڕێنێت.

ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئەو بڕە بودجەیەی لەبەردەستیدایە بۆ دابینکردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا، زۆر کەمە و ناتوانێت چیدیکە هاوکاری سەربازی رەوانەی کیێڤ بکات.

هاوکات جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەگەر کۆنگرێس بودجەی پێویست بۆ ئۆکرانیا پەسەند نەکات، پوتن جەنگەکە دەباتەوە.

جەیک سولیڤان گوتی: "بەبێ کۆنگرێس، ئیدارەی ئەمەریکا تا کۆتایی سەرچاوە و بودجەی بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بەدەستەوە نامێنێت. لەماوەی پێشوودا ئەو هاوکارییانەی کۆنگرێس بۆ ئۆکرانیا و ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکای دابینکردبوون، بووە هۆکارێک بۆ وەستاندنی داگیرکارییەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا و یارمەتیدانی کیێڤ لەکۆنترۆڵکردنەوەی لەسەدا 50ی ئەو خاکەی لەدەستی دابوو".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا بڕیارەکە لەدەستی کۆنگرێسە، شەڕکەرەکانی ئازادیی لە ئۆکرانیا سەردەخات یاخود رێگەدەدات پوتن شەڕەکە بباتەوە. هەرکەس لە کۆنگرێس دژی هاوکاریکردنی ئۆکرانیا دەنگبدات، مانای وایە دەنگی بەستراتیژی پوتن داوە."

کۆشکی سپیش هۆشداری دەدات لەوەی، ئەگەر ئەمەریکا لە هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا بەردەوام  نەبێت، ئەگەرەکانی سەرکەوتنی رووسیا لە گۆڕەپانی جەنگ زیاتر دەبن.

ئیدارەی بایدن لە سەرەتای جەنگەوە بە بەهای زیاتر لە 75 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیای کردووە. 4ی ئەم مانگەش ئیدارەکەی، کۆنگرێسی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی دەبێت بەزووترین کات دەیان ملیار دۆلاری دیکە بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکەن.

چەند رۆژی رابردووش یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ئەگەر هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا بەردەوام نەبن، جیهان هەواڵی ناخۆش لە بارەی ئۆکرانیا دەبیستێت.

 هەفتەی رابردووش ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بە سەربازانی وڵاتەکەی گوت، "لێتان دەپاڕێمەوە جەنگەکە ببەنەوە."