زێلێنسکی بەشداری لە کۆبوونەوەی گرووپی G7 دەکات

K24 - هەولێر

حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، ئەمڕۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە رێگەی ڤیدیۆوە بەشداری لە کۆبوونەوەی گرووپی G7 دەکات کە تۆکیۆ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات.

گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن هیرۆکازو ماتسونۆ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن "میوانداری لوتکەی گروپی G7 دەکات، کە کۆبوونەوەکە لە رێگەی ڤیدیۆوە بەڕێوەدەچێت". لە کۆبوونەوەکەدا، جگە لە سەرکردەکانی وڵاتانی G7 سەرۆکی ئۆکرانیاش بەشداری بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکە دەکات.

رۆژی سێشەممە، 5-12-2023، زێلێنسکی لەناکاو وتارێکی ڤیدیۆیی هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکادا پێشکەشی بکات، کە دانوستانێکی سەخت لەسەر پاکێجی نوێی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت.

بە گوتەی گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن، سەرکردەکانی وڵاتانی G7 لە لوتکەکەیاندا، "بابەتی گرنگ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وەک دۆخی ئۆکرانیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکەن"، جگە لە پرسی زیرەکی دەستکرد کە لەکۆبوونەوەکەدا باسی لێوە دەکرێت.

رووسیا لە شوباتی ساڵی 2022، هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەدەیان هەزار کەس کوژران و بریندار بوون، هەروەها ئۆکرانیا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی رووسیا پێویستی بە هاوکارییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپایە، تاوەکو ئێستا بە سەدان ملیۆن دۆلار هاوکاری ئۆکرانیا کراوە لەلایەن رۆژ ئاواوە.