ئەردۆغان: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یۆنان لەسەر بنەمای قازانجی هاوبەش دابڕێژینەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا | وێنە:  AA
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا | وێنە: AA

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یۆنان نییە کە نەتوانرێت چارەسەر بکرێت و دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵیان هەڵبدەنەوە و پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای قازانجی هاوبەش دابڕێژنەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرۆککۆماری تورکیا بۆ رۆژنامەی کاسیمەرینی یۆنانی رایگەیاند، لەگەڵ یۆنان لە هەمان جوگرافیا دەژین و لەسەر هەمان دەریان، ژمارەیەکی زۆر کێشەیان لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام نایانەوێت ئەم کێشانە ببێتە هۆی گرژیی پەیوەندییەکانیان.

سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، دەیانەوێت لەگەڵ یۆنان لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدنەنەوە و پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای قازانجی هاوبەش دابڕێژنەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یۆنان نییە کە نەتوانرێت چارەسەر بکرێت.

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، ئامادەن لەسەر بنەمای یەکتر قبوڵکردن و بوونی متمانە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یۆنان پەرە پێ بدەن. گوتیشی: "ئێستا ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی هەردوولا، بە دامەزراوەییکردنی و پێشخستن و پەرەپێدانی ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان هەردوولایە.

لێدوانەکانی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، کە بڕیارە سبەی ناوبراو بەیاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی تورکیا سەردانی یۆنان بکات و بەشداریی لە پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاریکاری تورکیا - یۆنان دەکات.