حەسەن مەجید: لە چوارچێوەی یاسا مافەکان بۆ خەڵکی کەرکووك دەگەڕێنینەوە

حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 – کەرکووك:

سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، رایدەگەیەنێت؛ پارتی بەرنامە و پڕۆژەی نوێی بۆ کەرکووک دەبێت و هەروەها پارتی دەیەوێت کێشەکانی کەرکووک چارەسەر بکات. گوتیشی: پارتی ئاسمانی کەرکووکی بە ئاڵای کوردستان ئاشناکردەوە.

حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پلانی تۆکمەوە گەڕاوەتەوە بۆ کەرکووک، هەروەها لە تەواوی سێکتەرەکان پڕۆژە و بەرنامەمان هەیە بۆ خاڵ بە خاڵی ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە لە شاری کەرکووك هەیە.

سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: پارتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت کێشەکانی کەرکووک چارەسەر بكات و پارتی هەوڵدەدات دیموگرافیای کەرکووک نەگۆڕدرێت.

حەسەن مەجید، ئاماژەی بەوەدا، لیستی پارتی بۆ یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیانە، هەروەها پارتی بەرگری لە مافەکانی کورد دەکات و "لە چوارچێوەی یاسا مافەکانی خەڵکی کەرکووک دەگەڕێنینەوە".

سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەبارەی پارێزگاری کەرکووک گوتی: هەوڵدەدەین ئەمجارە پارێزگاری کەرکووک کورد بێت. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک ئیرادەی بۆ خەڵک گەڕاندەوە.

حەسەن مەجید، باسی لەوەشکرد، کاتێک پارتی گەڕایەوە بۆ کەرکووک و بارەگاکانی خۆی کردووە، ئاسمانی شارەکەی بە ئاڵای کوردستان ئاشناکردەوە.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.