ئێران داوا لە واشنتن دەکات 50 ملیار دۆلار قەرەبووی کوشتنی قاسم سولەیمانی بداتەوە

وێنەی رووداوی کوشتنی قاسم سولەیمانی
وێنەی رووداوی کوشتنی قاسم سولەیمانی

K24 - هەولێر

دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڕیارێکی دەرکرد و داوا دەکات ئیدارەی ئەمەریکا لەبەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی دا، 50 ملیار دۆلار قەرەبووی بکاتەوە، کە لە سەرەتای ساڵی 2020 لە عێراق بەدەستی ئەمەریکیەکان کوژرا.

ئاژانسی "میزان"ـی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی سێ هەزار و 318 هاووڵاتی لە سەرتاسەری وڵات سکاڵایان تۆمارکردووە، دادگای یاسایی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لقی 55ـی تاران، بڕیاریدا کە پێویستە ئیدارەی ئەمەریکا و کەسایەتییەکانی حکومەتی ئەمەریکا قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەکان کوشتنەکە بکەنەوە، بە بڕی 49 ملیار و 770 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، دادگاکە لەم دۆسیەیەدا،  42 کەس و قەوارەی ئەمەریکیی بە دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەکەی سزاداوە.

ئەم بڕیارە سێ هەفتە بەر لە چوارەمین ساڵوەگەڕی کوشتنی سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس دێت، کە بە یەکێک لە دیارترین ئەندازیارەکانی سیاسەتی ناوچەیی تاران دادەنرێت، کە لە 2020 بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا.

ترەمپ لەو کاتەدا پشتڕاستی کردەوە کە ئەمەریکا سەرکەوتوو بووە لە نەهێشتنی تیرۆریستی ژمارە یەک لە جیهاندا، جەختی لەوە کردەوە، سولەیمانی پلانی نزیک دادەڕێژێت بۆ هێرشکردنە سەر دیپلۆماتکاران و کارمەندانی سەربازی ئەمەریکی، سولەیمانی بەر لە کوژرانی پەیامێکی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا نارد، تیایدا گوتی: ئێمە لە تۆوە نزیکین، لە شوێنێک کە هەرگیز بە خەیاڵت نەدەهات، وەرە چاوەڕێی تۆین. "ئێوە ئەم شەڕە دەست پێدەکەن، بەڵام ئێمە کۆتاییەکەی دەسەپێنین".

تاران دوای چەند رۆژێک دوای رووداوەکە بە مووشەک بۆردومانی دوو بنکەی ئەمەریکیەکانی کرد لە عێراق، لەو کاتەوە تاران داواکاریی خۆی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتی دراوسێی دووپاتکردەوە، واشنتنیش لەو کاتەدا گوتی: دەیان سەربازی تووشی زەبروزەنگی مێشک بوون.

لە 3ـی کانوونی دووەمی 2020، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومه‌ھدی موھەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە رێگەی مووشەکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی دیکەی حەشدی شەعبی کوژران.