یونسکۆ بەربانگکردنەوەی مانگی رەمەزان دەخاتە ناو لیستی کەلەپوورە مرۆییە ناماددییەکان

خوانێكی بەربانگكردنەوە لە مانگی رەمەزاندا
خوانێكی بەربانگكردنەوە لە مانگی رەمەزاندا

K24 - هەولێر:

رێكخراوی یونسكۆ بەربانگکردنەوەی مانگی رەمەزانی موسڵمانان دەخاتە لیستی كەلەپوورە مرۆییە ناماددییەكان، دەشڵێت بەربانگ جگە لەوەی سروتێكی ئایینییە هاوكات خێزانەكان لەسەر یەك خوان كۆدەكاتەوە و پەیوەندییەكانی نێوان ئەندامانیان بەهێز دەكات.

رێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر داوا و پێشنیازی هەر یەك لە توركیا، ئازربایجان، ئێران و ئۆزبەكستان بڕیاری دا بەربانگکردنەوەی مانگی رەمەزانی موسڵمانان بخاتە ناو لیستی كەلەپوورە مرۆییە ناماددییەكان.

یونسكۆ ئاماژەی بەوە كردووە بەربانگ هاوشێوەی ئاهەنگێكی رۆژانەیە لە ماوەی مانگی رەمەزاندا، كە موسڵمانان تێیدا سرووتە ئایینییەكانیان لەو مانگە زیاتر دەكەن.

ئەو رێكخراوە باسی لەوەش كردووە، موسڵمانان زۆربەی كات لە مانگی رەمەزان و لە كاتی بەربانگدا بە گیانی بەكۆمەڵ لەسەر خوانەكانیان كۆدەبنەوە و بەیەكەوە نان دەخۆن و ئاو دەخۆنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان تاكەكانی خێزان و خێزانەكان لەگەڵ یەكدیدا و كارە خێرخوازییەكان و هاوسۆزی كۆمەڵایەتی لەگەڵ یەكدیدا دەگۆڕنەوە.

یونسكۆ سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشا، لە زۆربەی كۆمەڵگەكانی جیهان بەتایبەت كە موسڵمانان بوونیان هەیە، رێز لەو مانگە دەگیرێت و نان و خواردنی بەكۆمەڵ ئامادە دەكرێت و رێوڕەسم و سرووستە ئایینییەكان بەیەكەوە ئەنجام دەدرێن.