ئومێد سەباح: سەردانی بەغدا دەكەینەوە بۆ گفتوگۆكردنی بابەتەكانی نەوت و مووچە و ناوچە كوردستانییەكان

ئومێد سەباح، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان
ئومێد سەباح، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 - هەولێر:

ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژە بەوە دەكات، گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی گشتگیرن و پەیوەستن بە دۆسیەی نەوت و بودجە و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 7ـی كانوونی یەكەمی 2023) ئومێد سەباح، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری كەركووك، رایگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی گشتگیرن و پەیوەستن بە دۆسیەی نەوت و بوودجە و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئومێد سەباح هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، گفتوگۆكان بەرەو ئاراستەیەكی باش دەڕۆن و هەست دەكەن لەگەڵ حكومەتی ئێستای عێراق دەرگای باش كراونەتەوە بۆ گفتوگۆكردن.

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كە هاوكات سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، جەختیكردەوە، هەموو كات بژاردەی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق بژاردەی یەكەم بووە و بەم زووانەش دووبارە سەردانی بەغدا دەكەنەوە بۆ گفتوگۆكردنی ئەو بابەتەكانی نەوت، مووچە، بوودجە و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئومێد سەباح تایبەت بە ناردنی قۆناغی سێیەمی 700 ملیار دینارەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان بەشێوەی قەرز، گوتی، رێكارەكانی ناردنی ئەو بڕە پارەیە تەواو بووە و بڕیارە بەم نزیكانە بگات.

روونیشیكردەوە سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی نامەی فەرمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ناردووە بۆ ئەوەی بۆ ماوەی سێ مانگی دیكەی ساڵی 2023 بۆ هەر مانگێك 700 ملیار دیناری دیكە بنێرن. جەختیشیكردەوە ئەم بابەتە بووەتە خاڵی ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی.