رووسیا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دیاری کرد

K24 - هەولێر

رۆژی پێنجشەممە، نوێنەرانی پەرلەمانی رووسیا رۆژی 17ـی ئاداری 2024 یان وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دیاری کرد، رێکارەکانیش ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە خولی پێنجەمی سەرۆکایەتی نزیک دەکاتەوە کە ماوەکەی شەش ساڵە.

ڤلادیمێر پوتنی، تەمەن 71 ساڵ، تا ئێستا نیازی خۆی بۆ خۆکاندیدکردنەوە رانەگەیاندووە، بەڵام بەشێوەیەکی بەرفراوان پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای دیاریکردنی وادەی دەنگدان ئەو کارە بکات.

بەپێی ئەو چاکسازییە دەستوورییانەی کە خۆی هەماهەنگی کردووە، پوتن دەتوانێت بۆ دوو خولی دیکە خۆی کاندید بکات کە هەر خولێکی شەش ساڵە، دوای ئەوەی ساڵی داهاتوو ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی دێت.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی ئاداری داهاتوودا رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی پوتن لانیکەم تا ساڵی 2030 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

پۆلیس ئۆپۆزسیۆنە دیارەکانی رووسیای زیندانی کردووە یان ناچاریان کردوون لە دەرەوەی وڵات بژین، کە نوێنەرایەتی ئاڵنگارییەکانی پوتن دەکەن لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها زۆربەی دەزگاکانی راگەیاندنی سەربەخۆیان قەدەغە کردووە.