لە عێراق کاندیدان "پارەیەکی زۆر" بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج دەکەن

لە عێراق کاندیدان "پارەیەکی زۆر" بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج دەکەن
لە عێراق کاندیدان "پارەیەکی زۆر" بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج دەکەن

K24 - هەولێر

زۆرینەی کاندیدان لە شارەکانی عێراق بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، بە جۆرێک شارەزایەکی سیاسی دەڵێت، ئەو پارەیەی خەرجی دەکەن "دوو هێندەی مووچەی چوارساڵیان" دەبێت.

شەقامەکانی عێراق پڕن لە پۆستەر و فلێکسی بانگەشەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. بانگەشەکان لە بەغدا و بەشێک لە شارەکان هەر لە سەر شەقام و میدیاکانەوە نابینرێن، بەڵکوو کۆکردنەوەی جەماوەر و پێدانی پارە و ڕێکخستنی خوانی بە کۆمەڵ و سەردانی ماڵی هەژار و هاوکاریکردنی خەڵکیشی گرتووتەوە، ئەمانەش خەرجییەکی زۆریان دەوێت. شارەزایەکی سیاسی دەڵێت، "کاندید هەبووە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە و دواتریش دەرنەچووە".

سەڵاح بووشی، شارەزای سیاسییە و باس لەوە دەکات، "لە بانگەشەی هەڵبژاردن پارەی زۆر خەرج دەکرێت و بە فیڕۆ دەدرێت، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق کەسایەتییەکی دیاری سەرمایەدار، کە چەندین دەزگا و پشکی هەیە لە بانکەکان، خۆی کاندیدکرد و دەرنەچوو، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری خەرج کردبوو".

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووه کە زیاتر لە پێنج هەزار و 900  کاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگانی عێراق هەن.

 کاندیدی وا هەیە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دوو هێندە پارەی مووچەی ئەو چوار ساڵەی خەرج کردووە کە ئەگەر دەنگ بهێنێت و ببێەت بە ئەندامی ئەنجوومەن. هاوڵاتیانیش ئەوە دەزانن کە زۆربەی کاندیدەکان ئامانجیان خزمەتکردن نییە، بەڵکو بەشێکیان دەیانەوێت لە ڕێگای ئەو پۆستەوە پەرە بە سەرمایە و دەستکەوتە سیاسیەکانیان بدەن .

شارق روبێعی هاووڵاتییەکی بەغدایە و دەڵێت، "ئەوان بۆ دەستکەوت و ئیمتیازاتی داهاتوو خۆیان کاندید دەکەن لە ڕێگای بوون بە ئەندام لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان، مووچە هیچ نییە بۆ ئەوان و بەشیان ناکات، چونکە بەس لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە مووچەکەیان زیاتریان خەرج کردووە".

هاووڵاتیی موحسین عەلیش ئاماژە بەوە دەدات، "ئەوان بۆ مووچە خۆیان کاندید ناکەن، ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە ببن بە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکانی خزمەتگوزاری و کارەبا و پڕۆژەکان، چونکە دەتوانن لەو ڕێگایەوە پارەی باشیان دەستکەوێت".