ئەشواق جاف: پارتی پشتیوانی لە کاندیدێکی کوردی فەیلی دەکات لە بەغدا

ئەشواق جاف
ئەشواق جاف

K24 - هەولێر:

ئەشواق جاف، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ئاشکرای دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بەغدا پشتیوانی لە کاندیدێکی کوردی فەیلی لەسەر لیستی (التاخي) دەکات.

ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند: پشتیوانی لە کاندیدێکی کوردی فەیلی لەسەر لیستی( التاخي) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەکەن، کاندیدەکەشیان ئازاد ئەکبەر یار کەرەمە بە ژمارە 212.

لەبارەی بەرێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە بەغدا، ئەشواق جاف گوتی: زۆر بە هێمنی پرۆسەی بانگەشەکە بەرێوە دەبەن، ئاماژەی بەوەشکرد، لەو رۆژەوەی بەرپرسیارەتی لقی پێنجی پێ سپێردراوە، بە راسپاردەی سەرۆک بارزانی، بە پرۆژەوە چوونەتە نێو خەڵک، دەشڵێ، خۆشەویستی خەڵک بۆ سەرۆک بارزانی وای کردووە خەڵکێکی زۆر پێشوازیمان لێبکات .

لەبارەی پەرتەوازەیی دەنگی کورد لە بەغدا، ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر دەنگی کورد بۆ لایەنەکانی دیکە دەچوو، بەڵام ئەمجارەیان لقی پێنج لە بەغدا کە ماڵی بارزانی و ماڵی هەموو کوردێکە، دەرگامان کردۆتەوە بۆ هەموو خەڵکی بەغدا.

لەبارەی بەرنامە و پلانەکانی پارتی لە بەغدا، ئەشواق جاف تیشکی خستە سەر ئەوەی، لە دانیشتی پەرلەمانی عێراق لە 16 ی نیسانی 2011، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای  کرد کارەساتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی بە جینۆساید بناسرێت، پەرلەمانی عێراقیش لەسەر داوای پارتی دەنگی بە پرۆژەکە دا و لیژنەی جێبەجێکردنی بۆ پێکهێندرا، بەڵام قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدی و دۆزینەوەی ئەوانەی بزرن و، دۆخی ئاوارەکان کە زۆر خراپن، لەگەڵ تەرخانکردنی کورسی خوێندنی باڵا بۆ کوردانی فەیلی جێبەجێنەکراون و کاریان بۆ دەکەین.

بەپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، باسی کۆنگرەی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی کرد بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی و  گوتی: ئەو کۆنگرە نێودەوڵەتیە درێژەپێدەری ئەو هەوڵانە بوو کە سەرۆک بارزانی لە بەغدا پێشتر ئەنجامیدا لەپێناو مافی کوردانی فەیلی.

کارزان حەیدەر