فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا: چوار چەکداری داعشمان کوشت و 33 ی دیکەشمان دەستگیر کرد

هێزەکانی ئاسمانیی ئەمریکا
هێزەکانی ئاسمانیی ئەمریکا

K24-هەولێر:

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە مانگی رابردوودا چوار چەکداری داعشیان کوشتووە و 33 ی دیکەشیان دەستگیر کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە(7-ی کانوونی یەکەمی 2023)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، مانگی رابردوو( تشرینی دووەم)، بە هاوبەشی هاوپەیمانانی ئەمریکا، هێرشیان کردۆتە سەر داعش و چوار چەکداریان کوشتووە، 33 چەکداری دیکەشیان لە بەدواگەڕان و پشکنین لە عێراق و سوریا دەستگیر کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چاڵاکیانە لە چوارچێوەی پابەندیەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکایە بۆ شکستپێهێنانی داعش، ئاشکرای کردووە، ئەو شانانەی لەو چاڵاکیانەدا کراونەتە ئامانج ، شانەکانی بەرپرسن لە پلانەکانی ئەو هێرشانەی کرانە سەر بەندیخانەکانی سوریا بە ئامانجی رزگارکردنی زیندانییەکانی داعش، لەگەڵ شانەیەکی دیکەی بەرپرس لە ئامادەکردنی پشتێنەی بۆمبرێژکراو.

بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، مانگی رابردوو لە عێراق 24 چاڵاکیی سەربازیی هاوبەش ئەنجامدراوە کە تێیدا 3 چەکداری داعش کوژراون و 14ی دیکەش دەستگیرکراون، دەشڵێ: لە سوریا 16 چاڵاکیی سەربازیان ئەنجامداوە، تێیدا چەکدارێکی داعشیان کوشتووە و 19ی دیکەشیان دەستگیر کردووە.

ژەنەراڵ مایکڵ ئەریک کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند: سەرباری رووبەرووبونەوە زەحمەتەکانی ناوچەکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا پابەندە بە کۆتاییهێنان بە داعش لە ناوچەکە.

کارزان حەیدەر