شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە دەچێتەوە بەغدا

سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/10/17
سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/10/17

K24 – هەولێر:

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، جارێکی دیکە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵی پرسی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات.

رۆژی پێنجشەممە (7ـی کانوونی یەکەمی 2023) فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە فەرمی نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی سێ مووچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ.

فارس عیسا ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان و بەدواداچوون بۆ داواکانیان لەبارەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەنەوە.

لەبارەی دواکەوتنی ناردنی 700 ملیار دینارەی مانگی رابردوو، هەموو رێکارەکانی ناردنی ئەو بڕە پارەیە تەواوکراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزیری دارایی عێراق لە دەرەوەی وڵات بووە، لەکاتی خۆیدا ئەو پارەیە خەرجنەکراوە و بۆ هەفتەی داهاتوو دواکەوتووە.

لە کۆبوونەوەی رۆژی (6ـی کانوونی یەکەمی 2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی.

کۆتایی مانگی رابردوو، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و دوو پێشنیازیان لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشەکەش بە سوودانی کرد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە، تا پەسەندکردنەوەی یاسای بودجە، ناردنی 700 ملیار دینارەکە بەردەوام بێت بە ناردنی پشکی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی ئەمساڵیشەوە، هەروەها یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی فعلی جیابکرێتەوە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.

رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار لە رێگای بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و رۆژی دواتریش، بانکی رەشید 250 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و رۆژی (28ـی ئەیلوولی 2023)یش 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقییەوە خرایە سەر ئەو هەژماری بانکییە.