ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند

دیمەنێکی ئەو باڵەخانەی ئاگری لێکەوتەوە
دیمەنێکی ئەو باڵەخانەی ئاگری لێکەوتەوە

K24 – هەولێر

بەهۆی رووداوەکەی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران، کە لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سێ رۆژ ماتەمینی لە سنوورەکە راگەیاند.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە راگەیەندراوێکدا پرسەنامەی ئاڕاستەی خانەوادەی قوربانیانى رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ئیدارەی سەربەخۆی  سۆران کرد و رایگەیاند، لە رۆژی شەممە 9/12/2023ـەوە سێ رۆژ ماتەمینی رادەگەیەنن.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوەشداوە "دوای پەیوەندییەکی راستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەسەر راسپاردەی جەنابیان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان پێکھێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و چاودێریکردنی دۆخی بریندارانی رووداوەکە".

شەوی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سۆران کە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتی ئاسایی تێیدا نیشتەجێبوون، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

دوای رووداوەکە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە هۆکاری رووداوەکە پێکهێنرا.