بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی کێڵگەکان نرخی مریشک دابەزی

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی کێڵگەکان، نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزیوە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵیش دەڵێت، "هەوڵدەدەین نرخی مریشک جێگیر بکەین".

لە دیمەنی سەرەتای ڤیدیۆکە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی پەلەوەر دەردەکەوێت. کێڵگەکە لە توانایدایە ساڵانە 80 هەزار مریشک بەرهەم بهێنێت. ئێستا لەنێو کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر، مریشکی بچووک کیلۆی بە 2400 دینار و مریشکی گەورەش بە 2600 دینارە.

هەر کاتێک مریشک هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نەکرێت؛ نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دادەبەزێت، ئەم دابەزینەش زیانی ماددی بە خاوەن کێڵگەکان گەیاندووە.

جێگر حاجی کالۆ، خاوەنی کێڵگەیەکی بەخێوکردنی پەلەوەرە و دەڵێت، "ئێمەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە یەکەم رۆژەوە کە جووجەڵەی تێدەکەین تا کۆتاییەکەی، نازانین نرخی مریشک چی بەسەر دێت، چونکە جێگیر نییە. لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەو پێداویستییانەی بۆ کێڵگەکە دەکڕین، بە دۆلارە و نرخی دۆلاریش جێگیر نییە؛ بۆیە نازانین چەند زیان دەکەین یان چەند سوودمەند دەبین".

بەراورد بە مانگی رابردوو بەهۆی پرکردنەوەی بازاری ناوخۆ زیاد لە خواستی هاوڵاتییان؛ کیلۆیەک مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا 1000 دینار لە نرخەکەی دابەزیوە .

بەرێوبەری سامانی ئاژەڵیش لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت لە هەوڵدان بە پلان نرخی مریشک لە بازاڕدا جێگیربکەن.

فیراز سدیق، بەڕێوه‌بەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ هەماهەنگیمان هەیە بۆ ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی پارێزگاکان و نوێنەری کێڵگە پەلەوەرییەکان بکەین بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک نرخی مریشک لە بازاڕدا جێگیر بکەین".

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە 265 هەزار تۆن مریشک لە هەزار و 908 پرۆژە بەرهەم دەهێندێت و 147 هەزار تۆنی بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت. لە پلان دایە وەک هەر بەرهەمێکی دیکە؛ جگە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەناردەی دەرەوەش بکرێت و نرخەکەشی لە بازاردا جێگیر بکرێت.