له هه‌رێمی كوردستان خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌می خۆماڵی زیاتر بووه
K24 - هەولێر
ئێستا له‌سه‌ر ره‌فه‌ی زۆربه‌ی ماركێت و دووكانەكان لە بازاڕ و شارەكانی ھەرێمی كوردستان به‌رهه‌می خۆماڵی ده‌بینرێت كه له‌لایه‌ن جووتیار، باخەوانی كورد، كێڵگه و كارگه‌كانی كوردستانه‌وه به‌رهه‌مهێنراون.
لە مارکێتەکانی هەرێمی کوردستان، بەرهەمە ناوخۆییەکان ڕیزی پێشەوەی هەر ڕەفەیەکیان گرتووە. ئێستا ڕێژەی زیاتر لە سەدا 15ـی بەرهەمی ناو هەر مارکێتێک خۆماڵییە و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، لەوانەش زەیت و بەرهەمەکانی گەنم وەک ئارد، ساوار، سماق، برنج و نۆك.
بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیكە و بەرهەمە شیرەمەنیەکان لە ماست، پەنیر و بەرهەمە بەستووەکان کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێن؛ لە بازاڕەكاندا بەخێرایی ساخدەبنەوە.
به‌رهه‌مه‌كان خواستێكی زۆریان له‌سه‌ره و به‌شێك له دووكاندار و كارمه‌ندانی ماركێته‌كان ده‌ڵێن، "وایلێهاتووه تا كیلۆیه‌ك له به‌رهه‌می وڵاتانی دیكه ده‌فرۆشین، دوو هێنده به‌رهه‌می ناوخۆیی ده‌فرۆشرێت و ماوه‌یه‌كی كه‌م له ماركێته‌كاندا ده‌مێننه‌وه".
محەممەد نەجات، لە یەکێک لە مارکێتەکانی هەولێر کاشێرە و دەڵێت، "ساڵێک دەبێت خواست لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەکان زۆر زیادیکردووە. کواڵێتیی بەرهەمە خۆماڵییەکان زۆر باشە، ئەمەش وایکردووە خواستی زۆری لەسەر بێت و فرۆشتنیشی زۆرتر بووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو".
زۆری خواستی هاووڵاتییان لەسەر بەرھەمە خۆماڵییەكان؛ وایکردووە دووكان و مارکێتەکان پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ بکەن، گرنگی پێ بدەن و ساخی بکەنەوە. کڕیارانیش دڵخۆشن بەوەی بەرهەمەکانی کوردستان لە مارکێتەکان دەبینن.
سالم ساڵح، لە یەکێک لە مارکێتەکانی هەولێر بەرهەمی خۆماڵی کڕیوە و باس لەوە دەکات، "پێش ئێستا بەرهەمی وڵاتانی دیکەمان دەکڕی، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە بەرهەمی خۆماڵی لە مارکێتەکانی کوردستان دەبینین و دەکڕین. هیوادارین زیاتر پشتیوانی لە بەرهەمە خۆماڵییەکان بکرێت".
لە ڤیدیۆکەدا شەیاما باییز، پەیامنێری کوردستان24 جۆرە زەیتێک هەڵدەگرێت کە لە سلێمانی بەرهەمهێندراوە. پێشتر لە جێگەی ئەو زەیتە، زەیتی وڵاتانی دیکە دادەنرا؛ بەڵام ئێستا ساڵ بە ساڵ، بەرهەمە خۆماڵییەکان هەم شوێن بە بەرهەمی وڵاتانی دیکە لەق دەکەن و هەم داواکاری زیاتریشیان لەسەر دەبێت.
گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كەرتی كشتوكاڵ؛ وایكردووە جووتیاران بەرھەمەكانیان ھەمەچەشن بكەن. ئەو بەرھەمانەش کە پێداویستی ناوخۆ پڕدەكەنەوە، هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەكرێن.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، "لە وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبوونەوە لەگەڵ خاوەنی زنجیرە مارکێتەکان کراوە و، داوایان لێ کراوە گرنگی بە ساخکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بدەن؛ ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە و بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە".
زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، بووەتە هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ڕێکخستنی بازاڕ و پشتیوانیكردنی زیاتری جووتیاران.