وەزارەتی دارایی عێراق: نووسراو بۆ تەرخانکردنی 700 ملیار دینارەکە کراوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، نووسراوێکیان کردووە بۆ تەرخانکردنی قەرزێک بە بڕی 700 ملیار دینار بە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-12-2023، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەژێر چاودێریی تەیف سامی، وەزیری دارایی، "رۆژی هەینی 08-12-2023، وەزارەتی دارایی نووسراوێکی کردووە بەمەبەستی تەرخانکردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەو مەرجەی ئەو بڕەپارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دوای پابەندبوونی بە یاسای بودجە، پاکتاو بکرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە فەرمی نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی سێ مووچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ.

لە کۆبوونەوەی رۆژی (6ـی کانوونی یەکەمی 2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی.

کۆتایی مانگی رابردوو، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و دوو پێشنیازیان لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشەکەش بە سوودانی کرد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە، تا پەسەندکردنەوەی یاسای بودجە، ناردنی 700 ملیار دینارەکە بەردەوام بێت بە ناردنی پشکی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی ئەمساڵیشەوە، هەروەها یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجی فعلی جیابکرێتەوە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.