کاندیدێکی پارتی: هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکانی نەینەوا

K24 – هەولێر

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێکیان دەخەنەگەڕ بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە شەڕی داعش زیانمەندبوونە.

بەدرەدین شەهید نەجمەدین، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە کوردستان24ی گوت: "وەک پارتی جیاوازین لە هەموو حزبەکانی دیکە، ئێمە لەم سنوورە قوربانیمان داوە و خوێنمان رشتووە، بۆ رزگارکردنی دەشتی نەینەوا و مووسڵ، بێگومان خەڵک ئەوە لەبەرچاو دەگرێت و متمانەی بە پارتییە، بۆیە لە ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای مووسڵ پارتی دەبێتە بەشێکی سەرەکی بۆ خزمەتکردنی موسڵ".

ئاماژەی بەوەشدا: "لەکاتی ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی نەینەوا هات لەکاتی هاتنی داعش و ئاوارەبوونی خەڵکی ئەو سنوورە، تەنیا پارتی بەهانای خەڵکەوە چووە، بۆیە خەڵکی ناوچەکە هەڵوێستەکانی پارتی لەبەرچاو دەگرێت و متمانەی زیاتریان بە پارتییە".

بەدرەدین شەهید نەجمەدین، ئاماژەی بەوەشدا: "لە بەرنامەیاندایە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا و قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەی".