روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووری
وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە واژۆکردووە.

رۆژی یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە واژۆکردووە و چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئەمەش دوای ئەوە هات، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و لەژێر چاودێریی تەیف سامی، وەزیری دارایی، رۆژی هەینی 08-12-2023، نووسراوی تەرخانکردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان واژۆکردووە، بەو مەرجەی ئەو بڕەپارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دوای جێبەجێکردنی بە یاسای بودجە، پاکتاوبکرێت.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە فەرمی نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی سێ مووچەی مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ.

هاوکات لە کۆبوونەوەی رۆژی (6ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلی و ناکۆکیی لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتی.