باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق بۆ کوردستان24: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە

رادو ئۆکتاڤیان دۆبری، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق
رادو ئۆکتاڤیان دۆبری، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق بۆ كوردستان24 رایدەگەیێنێت هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق پێگەیەکی باشتری هەیە و ئەمەشی سوودی زۆری بۆ گەشەکردن هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (10ـی کانوونی یەکەمی 2023) رادو ئۆکتاڤیان دۆبری، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق لەمیانی بەڕێوەچوونی رێورەسمی یادی رۆژی نیشتمانی رۆمانیا رایگەیاند، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باشن، لە گوتارەکەشمدا ئاماژەم بەو پەیوەندییە باشەی نێوان باڵیۆزخانەکەمان و هەرێمی کوردستان دا".

باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا، بێگومان گفتوگۆ دەربارەی گەشەسەندنی هەماهەنگییەکانمان لە چەند بوارێک دەکەین، ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە دۆخی ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەکە.

رادو ئۆکتاڤیان دۆبری، دەلێت: لەم دواییانە شاندێکی سیاسی وڵاتەکەمان، بە سەرکردایەتی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سێناتی رۆمانیا هاوشان لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ چەند لایەنێک و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆبوونەوە.

باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق، گوتیشی: چاویشمان لەوەیە لە رووی بازرگانییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشتر بکەین، بڕوام وایە ئێستا هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ چەند بەشێکی دیکەی عێراق پێگەیەکی باشتری هەیە و ئەمەشی سوودی زۆری بۆ گەشەکردن هەیە.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، بێگومان چەند کێشەیەکی سیاسی هەن پێویستە بە گوێرەی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.