زیلینسکی دەچێتە 'کۆشکی سپی'

کۆبوونەوەی رۆژی 09-09-2023، بایدن و زیلینسکی لە کۆشکی سپی (وێنە: Evan Vucci / AP)
کۆبوونەوەی رۆژی 09-09-2023، بایدن و زیلینسکی لە کۆشکی سپی (وێنە: Evan Vucci / AP)

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئۆکرانیا بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی کۆدەبێتەوە.

کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، بۆ تاوتوێکردنی پێویستییەکانی ئۆکرانیا لە شەڕی دژی رووسیا؛ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیای بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت کردووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، (10-12-2023) بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکانی هەردوو وڵات رۆژی سێ شەممە، 12-12-2023 دەکرێت.

هەر لەبارەی سەردانەکە؛ نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردووە، زیلینسکی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 11-12-2023 دەگاتە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و سبەی لەگەڵ بایدن کۆدەبێتەوە.

سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا لەکاتێکدایە، تا ئێستا کۆنگرێسی ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر دابینکردنی بودجەی تایبەتی دیکەی بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئۆکرانیا دەرنەبڕیوە. کۆتایی ئەم مانگەش، ئەو پارەیەی ئیدارەی بایدن بۆ هاوکاریکردنی کیێڤ لەبەردەستیدایە، تەواو دەبێت.

ئۆکرانیا بە چەکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی توانیویەتی نزیکەی 50 لەسەدی خاکەکەی کۆنترۆڵبکاتەوە. ئەمەریکا هەفتەی رابردوو 52ەمین پاکێجی سەربازی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، ئەگەر کۆنگرێس بودجەیەکی دیکە بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا پەسەند نەکات، ئەمە دەبێتە کۆتا پاکێجی سەربازی واشنتن بۆ کیێڤ.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، هاوتا بەریتانییەکەی لە واشنتن؛ رایگەیاند، پێویستە کۆنگرێس پەلە بکات لە پەسەندکردنی بودجەی پێویست بۆ ئۆکرانیا، تاوەکو دڵنیایی ئەوە بدەن پوتن جەنگەکە ناباتەوە.

بلینکن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا تاوەکو ئێستا بە بەهای زیاتر لە 70 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیای کردووە. هاوپەیمانەکانیشیان لە ئەوروپا بە بەهای زیاتر لە 110 ملیار دۆلار هاوکاریی کیێڤیان کردووە.