کۆنگرێسی ئه‌مەریكا ئامادە نییە بودجەی دیکە بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات

کۆنگرێسی ئه‌مەریكا ئامادە نییە بودجەی دیکە بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات
کۆنگرێسی ئه‌مەریكا ئامادە نییە بودجەی دیکە بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات

K24 - هەولێر

کۆنگرێسی ئەمەریکا ئامادە نییە بودجەی دیکە بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات. وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش دەڵێت، "ئەگەر پوتن لە ئۆکرانیا رانەگیرێت، ناتۆ رووبەڕووی شەڕانگێزییەکەی دەبێتەوە".

سوپای ئۆکرانیا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، بە سیستمی مووشەکهاوێژی (هایمارس)ی ئەمەریکی هێلیکۆپتەرێکی رووسیا تێکدەشکێنێت، بەڵام کۆنگرێس تاوەکو ئێستا ئامادە نییە بودجەی دیکە بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات، ئەمەش نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.

ئۆکرانیا بە چەکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی توانیویەتی نزیکەی 50 لەسەدی خاکەکەی کۆنترۆڵبکاتەوە. ئەمەریکا هەفتەی رابردوو 52ەمین پاکێجی سەربازی بۆ ئۆکرانیا راگەیاند، ئەگەر کۆنگرێس بودجەیەکی دیکە بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا پەسەند نەکات، ئەمە دەبێتە کۆتا پاکێجی سەربازی واشنتن بۆ کیێڤ.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، هاوتا بەریتانییەکەی لە واشنتن؛ رایگەیاند، "پێویستە کۆنگرێس پەلە بکات لە پەسەندکردنی بودجەی پێویست بۆ ئۆکرانیا، تاوەکو دڵنیایی ئەوە بدەن پوتن جەنگەکە ناباتەوە".

بلینکن گوتی: "ئەمەریکا تاوەکو ئێستا بە بەهای زیاتر لە 70 ملیار دۆلار هاوکاری ئۆکرانیای کردووە. هاوپەیمانەکانیشمان لە ئەوروپا بە بەهای زیاتر لە 110 ملیار دۆلار هاوکاریی کیێڤیان کردووە. گرنگە هاوکارییەکانی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی بۆ ئۆکرانیا بەردەوام بن و پێویستە کۆنگرێس پەلە بکات لە پەسەندکردنی بودجەی پێویست بۆ کیێڤ. پوتن ناتوانێت کەلێن بخاتە ناومان و دەبێت دڵنیایی ئەوە بدەین پوتن جەنگەکە ناباتەوە".

دەیڤد کامیرۆن، دوای دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەی بەریتانیا یەکەم سەردانی فەرمی بۆ ئەمەریکا بوو و هۆشداری ئەوەیدا، "ئەگەر پوتن لە ئۆکرانیا رانەگیرێت، لە داهاتوودا هاوپەیمانێکی ناتۆ رووبەڕووی شەڕانگێزییەکەی دەبێتەوە".

بەریتانیا وەکو ئەوەی دەیڤد کامیرۆن ئاماژەی پێ دا، "دژی شەڕانگێزی رووسیا لە ئەوروپا" دەجەنگێت و "ئەگەر ئابووری هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا، وەک ئەمەریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا کۆبکەیتەوە؛ سی هێندە لە ئابووریی رووسیا زیاترە".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوەی ئێمە دەبێت بیکەین، بەردەوامی هاوکارییە دارایی، سەربازیی و دیپلۆماسییەکانمانە بۆ ئۆکرانیا. لە کۆنگرێسی ئەمەریکاش جەختم لەوە کردەوە، هاوکاریکردنی ئۆکرانیا پەیوەستە بە ئاسایشی ئەوروپا و ئەمەریکا. دەبێت پوتن لە ئۆکرانیا بوەستێنین، چونکە دەکرێت لە داهاتوودا هاوپەیمانێکی ناتۆ رووبەڕووی شەڕانگێزییەکەی بێتەوە".

ئۆکرانیا چاوی لەوەیە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەردەوام بن. دمیری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملنیش دەڵێت، هیواخوازن کۆنگرێسی ئەمەریکا وریابێت و، چیدیکە هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا پەسەند نەکات. ئیدارەی بایدنیش تۆمەتبار دەکات بەوەی، "پارەی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە کوورەی جەنگی ئۆکرانیا" دەسووتێنێت.