كوردانی فه‌یلی به تامه‌زرۆییه‌وه چاوەڕێی هه‌ڵبژاردنن
K24 - بەغدا
هاووڵاتییانی كوردی فه‌یلی دانیشتووی ناوچه‌ی كیفاحی به‌غدا، دەیانەوێت بە سەرخستنی کاندیدێکیان، دۆخی ناوچەکەیان باشتر بکەن.
ناوچەی كیفاح دەکەوێتە ناوه‌ڕاستی بەغدای پایته‌خت و زۆرینه‌ی دانیشتووانی كوردی فه‌یلین. دانیشتووانی ناوچەکە به‌ده‌ست چه‌ندین كێشەەوە ده‌ناڵێنن و به‌هۆی نه‌بوونی نوێنه‌ریان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا؛ كێشه‌كانیان به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماونه‌ته‌وه، كه ئەمەش وایکردووە بە تامەزرۆییەوە به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بکەن.
خالید سووره میری، كه‌سایه‌تییه‌كی ناوچه‌ی كیفاحە و دەڵێت، "نه‌هامه‌تییه‌كانی كوردی فه‌یلی به‌هۆی ئه‌وەیە كه هیچ نوێنه‌رێكمان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای بەغدا نییه. ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، ئه‌نجوومه‌نێكی خزمه‌تگوزارییه و په‌یوه‌ندیی به هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه، واتا هه‌میشه له‌ناو هاووڵاتییانه و ئاگاداری نه‌هامه‌تییه‌كانییه‌تی و ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندییه له نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌ڵات".
پێش دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئازاد ئه‌كبه‌ر یاركه‌ره‌م، کە ئێستا كاندیدی لیستی برایه‌تی كوردی فه‌یلییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا؛ كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌ش به‌و ناوچه‌یه كردبوو، بۆیه زۆرینەی سه‌رنجه‌كانیش به‌لای ئه‌وەوەن.
وەکو ئەوەی خالید مه‌نده‌لاوی، كه‌سایه‌تیی ناوچه‌ی كیفاح باسی دەکات، "ئازاد كاندیدێكی رێزداره، بۆیه داوا له برا كورده فه‌یلییه‌كانمان ده‌كه‌ین ده‌نگ به‌و كاندیده بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامێكمان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌غدا هه‌بێت؛ چونكه ئه‌و ده‌توانێت ئەو خزمه‌تگوزارییانەمان پێشكه‌ش بكات، كه ناوچه‌كه پێویستی پێیه‌تی".
هاووڵاتیی خالید موختاریش دەڵێت، "شێخ ئازاد كوڕی ناوچه‌كه‌یه و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وایه‌تیی جوانه بۆ كوردایه‌تی و ناوچه‌كە. هاوکات سوپاسی پارتی درموكراتی كوردستان ده‌كه‌ین، بۆ پشتیوانیكردن له یه‌كێك له رۆڵه‌كانمان".
بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، نوێنەریان لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا نەبووە و بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن، کوردانی فەیلی لە بەغدا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی هەڵبژاردنی ئەم جارەن و دەیانەوێت بە سەرخستنی کاندیدەکەیان دۆخی ناوچەکەیان باشتربکەن.
بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 23 ملیۆن و 368 هەزار کەس دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.
لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە و پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.