ڤیان سەبری: پێویستە بگەینە 'رێککەوتنێکی کۆنکریتی' لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، "دەبێت تا 2024 بگەینە رێککەوتنێکی کۆنکریتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان".

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-12-2023، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24؛ باسی لە سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەبارەی "سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنووریەکان" لەگەڵ شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق کۆبووەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت، سەردانەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بەردەوامییان هەبێت، تا ئەو کاتەی هەردوولا دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە بۆ ساڵی 2024 بگەینە رێککەوتنێکی کۆنکریتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەبارەی هەردوو داهاتی نەوتی و نانەوتی؛ لە داهاتی نانەوتیش، پرسی دەروازە سنوورییەکان گرنگترین بابەتە بۆ هەردوولا".

رۆژی شەممە، 09-12-2023، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندی حکومەتی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەدا بە شاندی هەرێمی کوردستانی گوتووە، "ئەگەر بە خۆشمان مووچە لە بەغداوە بنێرین، تەنها مووچە دەدەینە سەدا 60ـی فەرمانبەرانی کوردستان. سەدا 40ـەکەی دیکە دەبێت بە خۆتان بیدەن، بەڵام بەو مەرجەی نابێت داهاتی ناوخۆشتان بەدەستەوە بمێنێت".

لەوبارەوە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی، "بە گوێرەی یاسای گشتیی بودجەی فیدراڵی، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەدا 50ـی داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، بەڵام کەم و زیادکردنی ئەم رێژەیە بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوولا دەمێنێتەوە".

لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا وەستاوە. هەرچەندە چەندین جار بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە، بۆری هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەیە و سەرجەم لایەنەکان لە عێراق ئامادەییان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەناردەکردنەکە دەستیپێنەکردووەتەوە.

بە گوتەی ڤیان سەبری، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، "لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتوونێکی ئەرێنی؛ ئەوەی ماوەتەوە حکومەتی تورکیایە کە پێویستە رێککەوتن لەگەڵ ئەویش بکرێت".

راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان وەکو ئەوەی ڤیان سەبری باسی دەکات، زیانی دارایی بە تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستانیش گەیاندووە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەست بە هەناردەکردنی نەوتەکە بکرێتەوە.