کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق (وێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان)
کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق (وێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان)

K24 - هەولێر

کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی عێراق دەستیپێکرد؛ "هەردوولا دوو پرس تاوتوێ دەکەن".

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-12-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی عێراق دەستیپێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، گفتوگۆ لەسەر "سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنووریەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لەسەر ئەو پرسانە لە نێوان هەردوولادا هەن" دەکرێت.

شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ژمارەیەک بەڕێوەبەری دامودەزگاکانی حکومەت پێکدێت. محەمەد تەمیمی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانیش، سەرۆکایەتیی شاندەکەی حکومەتی عێراق دەکات کە لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی پێکدێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 6ـی کانوونی یەکەمی 2023،  ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی راستەقینە و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی.

کۆتایی مانگی رابردووش، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووبووە بەغدا. شاندەکەی داوایکردووە، تا کاتی هەموارکردنی یاسای بودجە، ناردنی 700 ملیار دینارەکە بەردەوام بێت بە ناردنی پشکی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی ئەمساڵیشەوە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.