کەركوك لە هزری بارزانی نەمردا

Kurd24

گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکەدا بەڕوونی ئەوەیان سەلماند کەوا مێژوو خۆی دووبارە ناکاتەوە، بەڵام ڕووداوەکانی مێژوو دەتوانن لەیەكچوونیان هەبێ. ئەو کەسەی مەبەستییە گرەو لەسەر ئەوە بکات، کە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و دۆخ لە ناوچەکە بۆ پێش 7ی ئۆکتۆبەر دەگەڕێتەوە، ئامۆژگاری دەکەین، کە وریا بێت، چونکە ئەوە ڕوونادات.

قەدەری کوردستان وابوو، کە ئەزموون ورگرێ و فێربێت و داهێنان بکات. گەلی بەئاگای کوردستان لە پێناو مافەکانی و گەڕانەوەی خاکی داگیرکراوی خەباتی کردووە و خەبات دەکات و ڕازی نابێت فەرمانی پێ بکری. 

گەلی کوردستان وڵاتی خۆی خۆشدەوێ و هیوای ئاسایش و سەقامگیری بۆ دەخوازێ و بابەتی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆ نموونە بابەتی شارێکی مێژوویی وەکو كەركوك، کە بارزانی نەمر بە دڵی كوردستان ناوزەدی کردووە، لە ڕووی مێژوویی و جوگرافی و ڕواڵەتەوە بۆ گەلی کوردستان یەکلایی بۆتەوە، کە کوردستانییە و پێویست بە بەڵگە هێنانەوە ناکات. ناسنامەی کوردستانی کاسەیەکی گەورەییە، هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لەخۆ دەگرێ بەمەبەستی درووستکردنی پێکهاتەیەکی گەورە و بەهێز، کە نوێنەرایەتی هەمووان بکات و هیچ لایەك پەراوێز نەخرێ و مافخوراو نەکرێ، بەڵکو هەموو پێکەوە کار بۆ بەهێزکردن و گەشەپێدانی ئەو پێکهاتە بکەن لەناو چوارچێوەییەکی نێستمانی گشتی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان.

دیزاینکردنی ناسنامەیەکی کوردستانی  گشتگیر بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووی کوردستانی، کە بارزانی نەمر بەردی بناغەکەی داناوە، پێویستییەکی مێژووییە بۆ قۆناغی دامەزراندن و قۆناغەکانی دیکەی بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستانی هاوچەرخ.

ئەمڕۆ ئەو ناسنامەیە، کە هەڵگری ڕوحی سەردەمە و لە ڕێگەی شارستانیەت و دیموکراسییەوە فۆرمی وەرگرتووە بووە بە دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدراەی هەرێمی كوردستان، کە خۆیان لەبەردەم هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق دەبیننەوە.

ناسنامەی نەتەوەیی کوردستانی وەک دەستوورێکی نەنووسراو و ڕانەگەیەنراو لە زمان و کەلەپووری مێژوویی کۆمەڵگای کوردستان و لە بەها سەردەستەکان پێکهاتووە، جگە لە تێڕوانین و ئامانجەکانی داهاتوو، کە پشت ئەستوورن بە بنەماکانی بەها مرۆییە جیهانییەکان، بۆ نموونە ئازادی و لێبوردەیی و برایەتی مرۆڤ و دادپەروەری و  ئەو یەکسانییە، کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی ئازادییە تایبەتی و گشتییەکان و دڵنیابوون لە ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵایەتی زامن دەکات.   

لە ڕابووردوو زۆر لایەنی ناوخۆیی و هەرێمی بە شێوەیەکی سیستەماتیکی کاریان لەسەر پڕۆژەی بەهێزکردنی ناکۆکییە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە کەرکوك و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد.

ئەو لایەنانە بەردەوام هەڕەشەیان لە ئەزموونی دیموکراسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد، بەمەبەستی کاڵکردنی خواستەکانی گەلی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، بەتایبەتی خواستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بەردەوام کاری کردووە، بۆ ئەوەی هەرێم و ناوچە کوردستانیەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە ناوچەکە دەرکەوێ.

بە خۆشحاڵییەوە سەرۆك مەسعود بارزانی توانی بە سیاسەتی حەکیمانەی ئەو هەوڵانە پووچەڵ بکاتەوە و فشارە سیاسییە و ئابورییە داڕێژراوەکان بۆ کاڵکردنەوەی خواستەکانی گەلی کوردستان کەم بکاتەوە.

سەرۆك بارزانی توانی بە پێداگری و بە ویستی پۆڵاین و بە بەکارهێنانی دیبلۆماسیەت، وەکو بزوێنەرێکی سەرەکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەركوك و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پیلانەکانی ئەو لایەنانە پووچيل بکات، کە بە شێوەیەکی پێچەوانە بیردەکەنەوە.

سەرۆك بارزانی بەردەوام واقعی عەسکەرتاریەتی سەپێنراو بەسەر کەركوك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی ڕەتدەکردووە و جەختی لەسەر ئەوە دەکردووە، کە ئێمە هاوشیوەی بارزانی نەمر دەستبەرداری بستێ لە خاکی كوردستان و کوردستانی بوونی کەركوك و ناوجە کوردستانیەکانی تر نابین، تەنانەت ئەگەر دڕندانەترین ئامراز لە دژمان بەکار بهێنرێ، وەکو چۆن لە ڕابووردوودا کاری وەحشیگەرانەی وەکو جینۆساید و ئەنفال دژ بە گەلەکەمان ئەنجام درا، بۆ نەهێشتنی ویستمان بۆ ئازادی و خواستمان بۆ سەربەخۆیی، ئەوا بە دڵنیاییەوە گەلی کوردستان هەر بەردەوام دەبێ لە خەبات و بەرخۆدان بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی.

بەڵێ هەر وەك چۆن بارزانی نەمر باوەڕی بە دیالۆگ و هاوبەشی ڕاستەقینە هەبوو لە پێناو پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێگریکردن لە سڕینەوەی بەرامبەر، ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی کار بۆ بونیادنانی شاری پێکەوەژیانی دەکات.  مەبەستیە ئەو شارە، کە بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی کوردستان، ئایندەیەكی گەشی هەبێ.

ئەمڕۆ كورد بە شکۆوە گەڕاوەتەوە ئەو ناوچانە، بۆیە پێویستە ئێمەی کوردستانی پێکەوە کار بۆ ئایندەی کەركوك و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکەین.