سوپای ئیسرائیل: نووسینگەی سەرۆکی حەماسمان لە غەززە کۆنتڕۆڵکردووە

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەردەوامە
شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەردەوامە

K24 - هەولێر

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەردەوامە؛ گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، نووسینگەی سەرۆکی حەماسیان لە باکووری شارەکە کۆنترۆڵکردووە.

سەربازە ئیسرائیلییەکان ماڵ بەماڵی گەڕەکەکانی خان یونس لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە دەپشکنن؛ رووبەڕووی چەکدارەکانی حەماس لەو ناوچەیە دەبنەوە و ناو بەناویش لەرێگەی بەکارهێنانی پەڕەشووتەوە حەماس بۆردومانیان دەکات و گورزیان لێدەوەشێنێت.

خان یونس لە ناوەڕاست و شاری غەززە لە باکوور؛ بووەتە گەرمترین خاڵی شەڕی ئیسرائیل و حەماس. هەزاران دانیشتووی ئەو ناوچانە ئاگادارکراونەتەوە بە زووترین کات خانووەکانیان بەجێبهیڵن.

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، نووسینگەی سەرۆکی حەماسیان لە باکووری غەززە کۆنترۆڵکردووە و، هێڵی تونێلی پێکەوەبەستنی باکوور و ناوەڕاستی غەززەشیان وێرانکردووە.

جگە لە خان یونس، ئیسرائیل بە تانک و زرێپۆش و فڕۆکەی جەنگییەوە لە باکووری غەززە لەگەڵ حەماس لە شەڕدایە. شەڕ لە باکوور گەیشتووەتە گەڕەکە قەرەباڵغەکان. لە ئاسمان تۆپباران و لەسەر زەویش پێکدادنی تووند سەدان هەزار کەسیان لە باکووری غەززە دەربەدەر کردووە.

چەکدارانی قەسام ئاشکرایانکردووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی 30 کەرەستەی سەربازیی حەماسیان لە باکوور و ناوەڕاستی غەززە تێکشکاندووە. لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار سەربازیی دیکەیان لە غەززە کوژراون، بەمەش ژمارەی ئەو ئەفسەر و سەربازە ئیسرائیلییانەی لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە کوژراون گەیشتە 430 سەرباز.