ئه‌مه‌ریكا: هێزه‌كانمان له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌‌و وڵاته‌ن

ئاڵای ئه‌مه‌ریكا
ئاڵای ئه‌مه‌ریكا

K24- هه‌ولێر:

ماتیۆ میله‌ر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزه‌كانمان له‌سه‌ر داوای به‌غدا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌‌ عێراقن.

میله‌ر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، هه‌رچی پێویست بێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان ده‌یكه‌ین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، میلیشیاكان هێرشیانكردووه‌ته‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا.

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا میله‌ر رایگه‌یاند، "لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆمان کردووە و چەند هەفتەیەک لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا سەردانی بەغدای كرد بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی کۆببێته‌وه‌ و هەفتەیەک لەمەوبەریش لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەیان کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ دەربارەی چەند پرسێک بکەن. یەکێک لەو پرسانەی بەروونی ئاماژەی پێدراوە، بوونی هێزەکانی ئەمه‌ریکا بوو له‌ عێراق، كه‌ لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "چاوەڕوان دەکەین حکومەتی عێراق کاری زیاتر بۆ به‌به‌رپرسیارناساندنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بکات، کە هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هێزه‌كانمان، دوایین جاریش هەفتەی رابردوو هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەکەمان. بۆیە چاوەڕوان دەکەین حکومەتی عێراق هەوڵی زیاتر بدات".

ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی 8/12/2023، لەلایەن گرووپە چەکدارەکان هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا. یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، محەممەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچانە پێکدەهێنێت کە هێرشکراوەتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا.

له‌ لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ حزبوڵڵای عێراقی هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا دەکات و راشیدەگەیەنێت: ئەوانەی هاوکاری ئەمەریکا دەکەن لە تاوانەکان هاوبەشن.