کۆنفرانسی شیشی کۆنکرێتی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

کۆنفرانسی شیشی کۆنکرێتی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت (وێنە: دیلان بەرزان - کوردستان24)
کۆنفرانسی شیشی کۆنکرێتی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت (وێنە: دیلان بەرزان - کوردستان24)

K24 - هەولێر

لە بەغدا کۆنفرانسی شیشی کۆنکرێتی بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12-12-2023، یەکەم کۆنفرانسی شیشی کۆنکرێتی لە بەغدا، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی عێراق و 11 کۆمپانیای هەرێمی کوردستان، ئەوانەی کار لەسەر بەرهەمهێنانی شیش دەکەن، دەستیپێکرد.

ئامانجی کۆنفرانسەکە، دروستکردنی هەماهەنگیی زیاترە لە نێوان کۆمپانیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن کاری زیاتری هاوبەش لەبواری بەرهەمهێنانی شیش ئەنجام بدەن.

11 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان هەن کە بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە نزیکەی سێ ملیۆن تۆن. لە کاتێکدا  پێداویستی ناوخۆ نزیکەی 500 هەزار تۆنە، بۆیە سەدا 75ی هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ باجی لەسەر شیشی هاوردە داناوە، کە بۆ هەر تۆنێک 30 دۆلاری خستووەتە سەر.

کارگەی شیشی هەولێر، یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی شیش لە هەرێمی کوردستان، بە ئاسنی ناوخۆ شیشی هەشت ملیمی تا 32 ملیمی دروستدەکات، زیاتر لە هەزار هەلی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بۆ هاووڵاتیان رەخساندووە. ساڵانە لە توانایدایە 700 هەزار تۆن بەرهەم بهێنێت.