وەزارەتی دارایی وادەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەنێت

K24 – هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی وادەی دابەشکردنی مووچە و بڵاوکردنەوەی خشتەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ی راگەیاند: "بۆ راگەیاندنی خشتەی دابەشکردنی مووچە و کاتی دابەشکردنی مووچەی سەرجەرم وەزارەت و دامەزراوەکان، وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدان لەگەڵ گەشتنە ئەنجام لە نزیکترین کات خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکرێتەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە 12/12/2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "بڕی 250 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

پێشتر رۆژی دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە شاری بەغدا گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری وەک قەرز لە رێگەی بانکی رەشیدەوە واژۆ کردووە.

وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چەند رۆژی رابردووشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا سەرجەم رێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی 500 ملیار دیناری لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە واژۆکردووە.