دادگای فیدراڵی سکاڵای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی رەتکردەوە

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق

K24 - هەولێر

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سکاڵای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی رەتکردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 12-12-2023، سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، دادگاکە ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە داوایان کردبوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەیانیی ئەمڕۆ لەبارەی تاوتوێکردنی ئەو دوو سکاڵایە کۆبووەتەوە کە لەلایەن کاندیدێکی هاوپەیمانی قیادە و کاندیدێکی بەرەی تورکمانی تۆمارکراوە.

هەردوو سکاڵاکارەکە داوایان لە دادگای فیدراڵی کردبوو تۆماری دەنگدەران جارێکی دیکە وردبینی تێدا بکرێتەوە و ناوی 257 هەزار دەنگدەری کورد لە کەرکووک لە تۆماری دەنگدەران دەربهێنرێت، مەبەستیان ئەو هاووڵاتییانەیە کە خەڵکی کەرکووکن و لە سەردەمی رژێمی بەعس ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوونە و دوای ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە کەرکووک، بەو بیانووە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.

ماوەی 18 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک ئەنجام نەدراوە، ئێستاش چەند لایەنێکی عەرەب و بەرەی تورکمانی داوا دەکەن جارێکی دیکە هەڵبژاردن دوابخرێت، حزبە کوردستانییەکانیش ئەو هەوڵە بە ترس لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەزانن.

دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 کراوە. بڕیارە،رۆژی 18ـی ئەم مانگە و دوای 18 ساڵ، جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکە بکرێتەوە، ئەنجوومەنەکە بۆ ئەم جارە لە 15 کورسی پێکدێت و، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.