نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دەنگدان لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە کۆدەبێتەوە

کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان
کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان

K24 – هەولێر:

کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر داوای نوێنەرانی میسر و میانمار بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە کۆدەبێتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە (12ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر داوای نوێنەرانی میسر و میانمار کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەبارەی دۆخی غەززە و دانگدان لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە رێکدەخات.

ئاماژەی بەوەشدا، هیچ وڵاتێکی ئەندامی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان مافی ڤیتۆکردنی پڕۆژەبڕیاری راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسی نییە.

هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پڕۆژەبڕیارێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە پێشکەشکرد، بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە ڤیتۆ کرا.

لەلای خۆیەوە کیم سون گیۆنگ، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور بۆ کاروباری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بە ئاژانسی ناوەندی کۆریای باکووری رایگەیاندووە، ئەمەریکا رێگری لە رەشنووسی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، کە داوای ئاگربەستی مرۆیی دەستبەجێی لە غەززە کردووە و راشیگەیاند، ڤیتۆکە "پێوەری دووانەی واشنتن" نیشان دەدات.

وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور راشیگەیاند، "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی ڤیتۆی ئەمەریکا بۆ پاراستنی هاوپەیمانێک کە دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیلی کوشتووە، دوو ستانداردی نایاسایی و ناعەقڵانی نییە، بەڵکو هۆکارێکیشە بۆ بەرزبوونەوەی خراپەکاری بەرامبەر مرۆڤایەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەریکا دژایەتی خۆی دەکات و چاوی لە بەردەوامی شەڕی غەززەیە، لەلایەکی دیکەش ئیدانەی هەڵدانی مانگی دەستکردی کۆریای باکوور دەکات، کە هیچ زیانێکی بە هیچ وڵاتێک نەگەیاندووە".

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ 7ـی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو دەستیپێکردووە، کە بووه‌ هۆی كوژرانی 1200 ئیسرائیلی و زیاتر له‌ 16 هه‌زار  فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ژن و منداڵن.

لە ساڵی 1945 لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و دروستبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان، مافی ڤیتۆ بەخشراوە بە 5 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، كە لە 15 ئەندام پێكهاتووە و دابەشدەكرێن بۆ دووبەش، یەكەمیان ئەندامە هەمیشەییەكانن كە ژمارەیان 5 ئەندامە، هەروەها ناهەمیشەییەكان كە ژمارەیان 10 ئەندامە، ئەندامە ناهەمیشەییەكان دووساڵ جارێك دەگۆڕدرێن لە رێگەی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، كە هەڵبژاردنیان بەپێی توانایانە بۆ هێشتنەوەی ئاشتی و ئاسایشی نەتەوەیی.