موئەیەد نامق لە پارتی گەلی تورکمان: 197 لیستی پێکهاتەکانی تەواوی کەرکووکە

موئەیەد نامیق
موئەیەد نامیق

K24 – هەولێر :

چەند پارت و لایەنێکی سیاسی بەشداری لیستی 197 ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، لەوانەش پارتی گەلی تورکمان، کاندیدێکی لیستی پارتی کە لەو پارتە تورکمانەیە دەڵێ: پارتی خزمەت بە پێکەوە ژیان و برایەتی دەکات لە کەرکووک.

موئەیەد نامق شاکر ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی گەلی تورکمانی، کاندیدی ژمارە 17 ی لیستی 197  ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد،  باوەڕیان بەوە هەیە پارتی کەرکووک دەکاتە شاری برایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، بۆیە لە مەکتەبی سیاسی پارتەکەی خۆیان بڕیاریانداوە لەگەڵ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانی بکەن.

لەبارەی پێشوازی جەماوەریش لێیان وەکو تورکمان و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو کاندیدە گوتی: خەڵکێکی زۆر پێشوازیمان لێدەکەن لەهەر شوێنێک، چونکە دەزانن ئەو لیستە خزمەتی خەڵکی کەرکووک و تورکمان و تەواوی نەتەوە و پێکهاتەکان دەکات، پێشی وابوو لیستی 197  بۆ تورکمان لە لیستەکانی دیکە باشتر بوو بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵدا بکەن.

لەبارەی ناسنامەی شاری کەرکووکیش، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی گەلی تورکمان دووپاتیکردەوە، بەپێێ مێژوو گۆڕستان هەیە هی زیاتر لە  200 ساڵ پێش ئێستایە، ئەو گۆڕستانە هی کوردەکانە و دەیسەلمێنێ ئەو شارە کوردستانیە، دەشڵێ:  ئێمە ئاڵای پارتی گەلی تورکمان و، ئاڵای کوردستان و، ئاڵای عێراقمان لە بارەگاکەمان هەڵکردووە، شەقامی تورکمانیش لەگەڵ لیستی 197  ی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

لەبارەی پاڵاوتنی کەسێکی کورد بۆ بوون بە پارێزگاری کەرکووک، ئەو کاندیدە تورکمانەی لیستی پارتی گوتی: پێمان خۆشە پارێزگاری کەرکووک کورد بێت و دەنگی بۆ دەدەین، بەڵام خزمەتی هەمووان بکات بێ جیاوای کورد و عەرەب و تورکمان.

لەبارەی مافەکانی تورکمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، موئەیەد نامیق ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دا لە داکۆکیکردن لە مافی تورکمانەکان کە لە دەستووری عێراقیشدا جەختی لێکردۆتەوە، سەرباری ئەوەش ماڵێكی بۆ دروستکردوون بەناوی ماڵی تورکمان لە هەولێر کە تورکمانەکان تێیدا کۆ دەبنەوە.

ئەو کاندیدە داوای لە خەڵکی کەرکووک کرد، دەنگ بە لیستی 197  ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، چونکە لیستێکە خزمەت بە کەرکووک و تورکمان و نەتەوەکان دەکات.

 کارزان حەیدەر