بلینکن بۆ سوودانی: هێرشەکانی سەر بنکەکانمان لە عێراق تیرۆریستین

K24 - هەولێر

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هێرشی سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق بە تیرۆریستی وەسف دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرباری سەرکۆنەکردنی بە ئامانجکردنی باڵیۆزخانە و بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق، جەختی لەوەشکردووەتەوە، پێویستە بەرپرسانی بەغدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بکەرانی ئەو دەستدرێژیانە بکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوەشداوە، "گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەپشتیوانی ئێران هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەپێناو پێشێلکردنی سەربەخۆی و سەروەری عێراق".

پێشتر لە 9ی ئەم مانگە پێنتاگۆن بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگری ئەمەریکا گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و باسیان لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق کردووە، بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و راوێژکارانی هاوپەیمانان و دامەزراوەکانیان.

پات رایدەر، سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندبوو، لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق کردووە، بۆ پاراستنی کارمەندانی دیپلۆماسی و راوێژکارانی هاوپەیمانان و دامەزراوەکانیان.

ئەمە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا زیادیکردووە. بەگوێرەی لێدوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا تائێستا 89 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا.

لە چەند رۆژی رابردوودا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کردووە و ئاماژە بەوەداوە "گرووپە لە یاسادەرچووەکان نیازی ئەوەیان هەیە دووبارە هێرشکربکەنەوە سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا.

بەگوێرەی نووسراوەکە، "گرووپە لە یاسادەرچووەکان دەیانەوێت بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچەکە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشی زیاتر بکەنە سەر باڵیۆخانەی ئەمەریکا لە بەغدا".

حزبوڵڵای عێراقی چەند هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا دەکات.

ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی 8/12/2023، لەلایەن گرووپە چەکدارەکان هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا. یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو، محەممەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچانە پێکدەهێنێت کە هێرشکراوەتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا.